ساڵی 2024 نزیکەی دانیشتووانی زەوی دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە
لەساڵی 2024 نیوەی دانیشتووانی زەوی بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن، بەشێكیان بریتیینلە وڵاتەكانی ئەمریکا، هیندستان، رووسیا، مەکسیک، بەریتانیا و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا كە تێیاندا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی هەواڵێکى رۆژنامەی واشنتن پۆست، لەمساڵدا زیاتر لە 60 وڵات کە دانیشتوانەکەی بە نزیکی دەگاتە چوار ملیار کەس، دەتوانن بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن، یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنەكەی ئەمریكا لەئێستاوە زۆرترین چاوی لەسەرە، بەگوێرەی ئەوەی رکابەرییەكی توند لەنێوان دوو كەسایەتی دیار هەیە، ئەوانیش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە چەندین دۆسیەی یاسایی لەسەرە و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە کە هەڵکشانی تەمەنی ئاڵنگاریی بەردەمییەتی بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو پۆستە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەری زۆرە ترەمپ ببێتە براوە، چونكە پاڵپشتی زۆرێک لە کۆمارییەکانی بەدەستهێناوە.
پێگەی ستاتست بڵاویكردووەتەوە، لەساڵی 2022دا ژمارەی دەنگدەرانی ئەمریکا 168 ملیۆن و 310 هەزار کەس بووە، چاوەڕواندەکرێت لەمساڵدا لەو ژمارەیە زیاتر بەشداربن.
هاوكات چاوەڕواندەکرێت، هەڵبژاردنە گشتییەکانى هیندستان لەمانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، ناریندرا مودی، سەرۆکی ئێستاى هیندستان هەوڵدەدات بۆ خولێکى دیکە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا تاوەكو دێت هەژموونی خۆى زیاتر دەسەپێنێت، بەتایبەتی لەپاش سەرکەوتنى بەسەر مودی بهاراتیای رکابەری لە هەڵبژاردنی ویلایەتەکاندا.
لە مەکسیکیش وێستگەکانی دەنگدان لەمانگی حوزەیراندا بەڕووی دەنگدەراندا دەکرێنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ وڵاتەکە، بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، دەکرێت بۆ یەکەمجار سەرۆکی ئەو وڵاتە ژن بێت، لەپاش کشانەوەی ئەندرێس مانوێل لوپێز ئۆبرادۆر لە پۆستەکەی.
هاوکات دوو بەربژێری سەرەکی رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، ئەوانیش سەرۆکی پێشووی شارەوانی مێکسیکۆ سیتییە کە بەڵێنیداوە بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرۆکی ئێستا و رکابەرەکەی کە سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیە بەناوی سۆتێل گالڤێز، كە داوای گۆڕانکاریی لە سیاسەتی وڵاتدا دەکات.
رووسیا لەمانگی ئازاردا هەڵبژاردن ئەنجامدەدات بۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی وڵات، چاوەکان لەسەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی پوتینە، بەگوێرەی ئەوەی لەمانگی کانوونی یەکەمی 2023دا دەستووری لە بەرژەوەندی خۆی هەموارکردەوە، بەجۆرێک دەتوانێت بۆ شەش ساڵی دیکە بەربژێر بێتەوە بۆ ئەو پۆستە کە لەساڵی 2000ەوە وەریگرتووە.
پوتین لەپاش چارەکە سەدەیەک لەمانەوەی لەو پۆستە، هێشتا پاڵپشتی لە وڵاتەکەیدا لەدەستنەداوە، سەرەڕای بەردەوامیی لەشکرکێشییەکانی بۆ ئۆکرانیا و ئەو سزایانەی خراونەتەسەر وڵاتەکەی.
07/01/2024