مۆمی گوێ لاببرێت؟

مۆمی گوێ چەندین فرمانی گرنگی هەیە. فۆتۆ: gettyimages
مۆمی گوێ چەندین فرمانی گرنگی هەیە. فۆتۆ: gettyimages

مۆمی گوێ ماددەیەکی نیمچەڕەقە کە لە رێڕەوی گوێدا هەیە و چەند فرمانێکی هەیە لە جەستەدا، لەوانە پاراستنی پێستی نێو گوێ و رێگریکردن لە کۆبوونەوەی میکرۆبەکان. هەندێجار رەنگە مۆمی گوێ کۆببێتەوە و وابکات کەسەکە هیچ دەنگێکی دەرەوە نەبیسێت.

جۆرەکانی مۆمی گوێ چین؟

دوو جۆری مۆمی گوێ هەن: وشک و تەڕ، زۆرینەی خەڵکی مۆمی گوێیان یەکێکە لەو دوو جۆرە، لایەنی بۆماوەیی دیاریدەکات کەسەکە چ جۆرێکی مۆمی گوێی هەیە.

  • مۆمی تەڕ: ئەم جۆرە لە کەسانی ئەورووپی و ئەفریقیدا زۆرترە
  • مۆمی وشك: ئەم جۆرەیان لەو کەسانەدا زیاترە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی ئاسیان

مۆمی گوێ چۆن دروستدەبێت؟

دوو جۆر رژێنی نێو گوێ هەن کە بەیەکەوە مۆم دروستدەکەن:

  •  رژێنی چەوری: ئەم رژێنانە بە سەلکی مووی ناو گوێوە لکاوە، چەوریی دەردەدەن و پێست لە وشکبوونەوە دەپارێزێت
  • رژێنی مۆم: ئەم جۆرە رژێنە هاوشێوەی رژێنی ئارەق وایە، پێپتاید و پرۆتینی دژەبەکتریا دەردەدات

پێکهاتەکانی مۆمی گوێ چین؟

زۆرینەی پێکهاتەکەی لە خانەی مردووی پێست، موو و هەندێک ماددەی دیکە پێکدێت، لەوانە:

  • کیراتین
  • کۆلسترۆڵ
  • چەورییەکان
  • سکوالین

فرمانەکانی مۆمی گوێ چین؟

  • وەکو رووپۆشێکی دژەئاو کاردەکات لەناو گوێدا
  • خانەی مردووی پێست و پیسی لە کونی گوێوە هەڵدەگرێت و دەیباتە دەرەوە
  • تۆز و خۆڵ لەخۆدەگرێت
  • رێگری لە وشکبوونەوەی کونی گوێ دەکات
  • گوێ لە هەوکردنی بەکتریا و کەڕوو دەپارێزێت

رەنگی مۆمی گوێ دەبێت چۆنبێت؟

رەنگی مۆمی گوێ لە کەسێکی تەندروستدا دەکرێت هەریەک لەم رەنگانە بێت:

  • سپیی چڵکن
  • زەرد
  • پرتەقاڵی
  • قاوەیی کاڵ
  • قاوەیی تۆخ

لەکاتی گۆڕانی رەنگی مۆمی گوێ بۆ ئەم رەنگانەی خوارەوە، پێویستە چارەخوازەکە سەردانی پزیشک بکات:

  • سەوز: دەکرێت کەسەکە هەوکردنی گوێی هەبێت
  • رەش: ئەمە دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت کە کەسەکە گوێی بە مۆم گیراوە، رێژەیەکی زۆر مۆم لەگوێیدایە
  • قاوەیی و پەڵەی سووری تێدابێت: دەکرێت بەهۆی زەبرێکەوە بێت کە برینی دروستکردووە. ئەگەر شلەیەکی زۆر لەگوێوە بێتەدەرەوە، دەکرێت کەسەکە تووشی دڕانی پەردەی گوێ بووبێت.

مۆمی گوێ لاببرێت؟

بەگوێرەی رێنامەکانی ئەکادیمیای ئەمریکیی نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ، ئەگەر کەسێک بیستنی ئاسایی بێت، ئەوا هیچ پێویست بەوە ناکات کە مۆمی گوێی دەربهێنێت. پێکهاتەی گوێ بەشێوەیەکە کە دەتوانێت بەبەردەوامی خۆی پاکبکاتەوە و مۆمی گوێ بکاتەدەرەوە.

پسپۆڕان دەڵێن باشترە گوێپاکەرەوە و کلینێکس بۆ پاککردنەوەی گوێ بەکارنەهێنرێت. چونکە دەکرێت زەبر بەر گوێ بگەیەنن و ببنەهۆی دڕانی پەردەی گوێ یان دروستبوونی برین.