هۆکارەکانی گوێگیران بەهۆی مۆمەوە چین؟
مۆمی گوێ ماددەیەکی سروشتی و بەسوودە کە لەلایەن رژێنەکانی ناو گوێوە دەردەدرێت، گوێ پاکدەکاتەوە و لە تۆز و خۆڵ و هەوکردن دەیپارێزێت. هەرچەندە چەندین سوودی هەیە، بەڵام ئەگەر بڕێکی زۆر دەربدرێت، دەکرێت ببێتەهۆی گیرانی گوێ و هەندێک گرفت دروستبکات.
هۆکاری گیرانی گوێ بەهۆی مۆمەوە چییە؟
هەندێک کەس بە سروشتی مۆمی گوێیان لە کەسانی دیکە زیاترە و ئەمەش وادەکات گوێیان بگیرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوەش مەترسیی گرفتەکە زیاددەکەن:
- بوونی مۆمی وشک لە گوێدا
- بوونی مووی زۆر لە گوێدا
- تەسکیی رێڕەوی گوێ
- بەکارهێنانی زۆری بیستۆکی گوێ
- بەکارهێنانی پاککەرەوەی گوێ
نیشانەکانی گیرانی گوێ بەهۆی مۆمەوە چین؟
- ئازاری گوێ
- لەدەستدانی بیستن
- زرنگانەوەی گوێ
- هەستکردن بە پڕیی ناو گوێ
- خورانی گوێ
- هاتنەدەرەوەی شلە یان کێم لە گوێوە
- سەرگێژخواردن
لەکاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا پێویستە کەسەکە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکات:
- تا
- ئازاری بەردەوامی گوێ
- هاتنەدەرەوەی شلە لە گوێوە
- بوونی بۆنێکی ناخۆش کە لە گوێوە دێت

ئەگەر گرفتەکە چارەسەرنەکرێت چی روودەدات؟
لەکاتی پشتگوێخستنی گرفتەکە، نیشانەکانی گیرانی گوێ، بۆ نموونە لەدەستدانی بیستن و گوێزرنگانەوە، خراپتردەبن، ئەمانەش هەموویان کەسەکە بێزاردەکەن و دەکرێت ژیانی رۆژانەی لێتێکبدەن.
گرفتەکە چۆن دەستنیشاندەکرێت؟
ئەو کەسانەی گرفتەکەیان هەیە پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆری قوڕگ و لووت و گوێ بکەن، پزیشکەکە لەرێگەی بەکارهێنانی گوێبین(ئۆتۆسکۆپ)ەوە، گوێی چارەخواز دەپشکنێت و گرفتەکەی دەستنیشاندەکات.
گرفتەکە چۆن چارەسەردەکرێت؟
دەکرێت گرفتەکە لە ماڵەوە یان لە کلینیکێکی پزیشکی چارەسەربکرێت، چارەسەرەکان ئەمانەن:
- بەکارهێنانی دڵۆپی پاککەرەوە: وەکو دڵۆپی سەیلین یان گلیسرین، ئەم دەرمانانە چارەخواز خۆی بەکاریاندەهێنێت، چەند دڵۆپێک دەکاتە گوێی کە مۆمی گوێ شیدەکەنەوە و بەوشێوەیە مۆمەکە ئاسانتر دێتەدەرەوە. پسپۆڕان دەڵێن نابێت پاککەرەوە یان کلینێکس بۆ ناو گوێ بەکاربهێنرێت، چونکە دەکرێت زیان بە پەردەی گوێ بگەیەنێت، هەروەها وادەکات رژێنەکان زیاتر مۆم دەربدەن.
- پاککردنەوە بە ئاو: لەرێگەی سرنجێکی تایبەتەوە دەکرێت، باشترە پێش ئەوە دڵۆپێک بۆ نەرمکردنەوەی مۆمەکە بەکاربهێنرێت.
- لابردنی مۆمی گوێ لای پزیشک: پزیشکی پسپۆڕ لەرێگەی بەکارهێنانی ئامێری تایبەتەوە مۆمەکە لادەبات، زۆرینەی جارەکان لابردنی مۆمی گوێ کاتێکی کەم دەخایەنێت.
لەکاتی هەبوونی گرفتەکە پێویستە چی نەکرێت؟
هەندێک بەرهەم و ئامێر لە شوێنە نافەرمییەکان دەفرۆشرێن کە دەکرێت زیان بە پەردەی گوێ بگەیەنن. پسپۆڕانی بواری قوڕگ و لووت و گوێ تاوەکو ئێستا تەنیا ئەو سێ رێگەیەی سەرەوە پێشنیازدەکەن، ئەوان دەڵێن هەموو ئەو ئامێر و کەرەستانەی دیکە کە رێکلامیان بۆ دەکرێت بە کاریگەر دانانرێن و دەکرێت زیانیان هەبێت.
24/01/2024