دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی رۆژنامەنووسان لە غەززە دەکات

شەڕی غەززە مەترسی لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسان دروستكردووە. 
فۆتۆ:AP
شەڕی غەززە مەترسی لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسان دروستكردووە. فۆتۆ:AP

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە دەکات ئەگەری هەیە دژ بە رۆژنامەنووسان لەشەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەنجامدراون.

دادگاکە بڵاویکردووەتەوە، نووسینگەی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لەدۆخی غەززە دەکات، جگە لەو تاوانانەی لەچوارچێوەی کاری ئەواندایە.

هاوکات رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور لەمانگی تشرینی دووەمی 2023دا رایگەیاندبوو، سکاڵایان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە لاهایە لە هۆڵەندا تۆمارکردووە، باسیانلە تاوانەکانی جەنگ کردووە لەنێویاندا کوژرانی رۆژنامەنووسان لەکاتی رووماڵی میدیایی خۆیان، بۆ شەڕ و ململانێکان بەتایبەت لەشەڕی غەززە.

بەگوێرەی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان کە بارەگاکەی لەشاری نیویۆرکی ئەمریکایە، لەسەرەتای دەستپێکردنى جەنگەوە لە کەرتى غەززە، لانیکەم 79 رۆژنامەنووس کوژراون و زۆرینەیان فەڵەستینین.

هاوکات کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، نیگەرانیی گەورەی خۆی لە زۆری ژمارەی قوربانیانى رۆژنامەنووسانی فەڵەستینی کە لە کەرتی غەززە کوژراون، دەربڕیوە.

بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە کەرتی غەززە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی سەربە حەماس، زیاترە لە 23 هەزار و 210 کەس و ژمارەی برینداران 58 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.