پەردەی گوێ بۆچی دەدڕێت؟
پەردەی گوێ پەردەیەکە دەکەوێتە نێوان رێرەوی دەرەوەی گوێ و گوێی ناوەندی، دەکرێت بەهۆی زەبر یان چەند هۆکارێکی دیکەوە ئەم پەردەیە تووشی کونبوون یان دڕان ببێت. دڕانی پەردەی گوێ دەبێتەهۆی لەدەستدانی بیستن لەو گوێیەدا، چونکە پەردەی گوێ بەشێکی سەرەکیی رێرەوی بیستنە، جیا لە لەدەستانی بیستن، ئەم گرفتە دەکرێت چەند لێکەوتەیەکی خراپی هەبێت.
پەردەی گوێ دوو فرمانی سەرەکی هەیە: بیستن و پاراستنی گوێ. کاتێک شەپۆلی دەنگ دەگات بە پەردەی گوێ، پەردەکە دەلەرزێت، دەبێتەهۆی جووڵانی پێکهاتەکانی ناو گوێ و دروستبوونی ئاماژە دەنگییەکان. پەردەی گوێ وەکو بەربەستێکیش کاردەکات بۆ رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی ئاو، بەکتریا و ماددە زیانبەخشەکانی دیکە بۆ ناو گوێ.
نیشانەکانی دڕانی پەردەی گوێ چین؟
- ئازاری گوێ کە پاش ماوەیەکی کورت نامێنێت
- دەرچوونی شلەیەکی لینج، کێماوی یان خوێناوی لە گوێوە
- لەدەستدانی بیستن
- گوێزرنگانەوە
- سەرەخولێ
- ئێڵنجدان و رشانەوە
هۆکارەکانی دڕانی پەردەی گوێ چین؟
- هەوکردنی گوێی ناوەند: لەم گرفتەدا کێم لە گوێی ناوەنددا کۆدەبێتەوە، ئەمەش پەستانێکی زۆر دروستدەکات و دەبێتەهۆی دڕانی پەردەی گوێ.
- پەستانی هەوا: ئەمەیان کاتێک روودەدات کە ناهاوسەنگی لەنێوان گوێی ناوەند و هەوای دەرەوەدا هەبێت، زۆرینەی ئەم حاڵەتانە لەکاتی گەشتە ئاسمانییەکاندا روودەدەن، هەروەها دەکرێت ئەم جۆرەی زەبر لەکاتی رووداوی هاتوچۆدا لە سەرنشین و شۆفێری پێشەوەی ئۆتۆمبێلدا رووبدات، چونکە لەو کاتەدا ئێرباگی ئۆتۆمبێلەکە دەتەقێت.
- دەنگی بەرز: لەکاتی تەقینەوەیەک یان بەکارهێنانی چەکدا روودەدات
- گیرخواردنی ماددەیەکی دەرەکی لە کونی گوێدا
- زەبرگەیشتن بە کاسەی سەر: لەکاتی شکانی ئێسکی کاسەی سەردا روودەدات
لێکەوتە خراپەکانی دڕانی پەردەی گوێ چین؟
- لەدەستدانی بیستن: زۆرجار ئەم گرفتە کاتییە و پاش چاکبوونەوەی پەردەی گوێ نامێنێت
- هەوکردنی گوێی ناوەڕاست
- کیسی گوێی ناوەڕاست
گرفتەکە چۆن دەستنیشاندەکرێت؟
پزیشكی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ، لەرێگەی گوێبینێکەوە پشکنینی گوێی چارەخوازەکە دەکات و گرفتەکە دەستنیشاندەکات، هەروەها دەکرێت هەندێک پشکنینی تایبەتی گوێ بۆ چارەخوازەکە ئەنجامبدات، بۆ نموونە پشکنینی زرنگەچنگاڵ، پشکنینی پێوانی پەستانی گوێ و پشکنینی ئۆدیۆلۆجی.
چۆن چارەسەر دەکرێت؟
زۆرجار ئەم گرفتە پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نییە، پاش چەند هەفتەیەک پەردەکە خۆی چاکدەبێتەوە. ئەگەر هەر نیشانەیەکی هەوکردن هەبوو، ئەوا پزیشکی پسپۆڕ دڵۆپی دژەزیندەیی بۆ چارەخوازەکە دەنووسێت. هەندێجار گرفتەکە خۆی چاکنابێتەوە و پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە، چارەسەرەکە لەرێگەی پارچەیەکی پەردەی گوێ یان نەشتەرگەرییەوە دەکرێت.
11/01/2024