سەدان کەس بەشداری لە پرسەی شاعیری ئۆکراینی دەکەن
لە سەرەتای لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ژمارەیەکی زۆر لە ئەدیب و شاعیران خۆبەخشانە ناوییان بۆ بەشداریکردن لە بەرگریکردن و پاراستنی سنووری وڵاتەکەیان تۆمارکرد، بەڵام بەشێکی زۆریان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگدا کوژراون، بەم دواییانەش "ماکسیم کریڤتسۆڤ"، شاعیری ئۆکرانی، بووە ئامانجی هێزە سەربازییەکانی رووسیا، لە کیێڤ مەراسیمی ماتەمینی بۆ سازکرا و لە سەرانسەری ئۆکرانییاوە خەڵک بەشداری دوایین ماڵئاواییان لە شاعیرەکە کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 11 ی کانوونی دووەمی2024، بە سەدان کەس لە شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کۆبوونەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ماتەمینی ماڵئاوایی لە شاعیر و سەربازێکی ئۆکرانی کە لە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ لە 7ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کوژرا.
"ماکسیم کریڤتسۆڤ"، شاعیرێکی تەمەن 33 ساڵی ئۆکرانی بوو، هەرلەگەڵ دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆ ئۆکرانیا، خۆبەخشانە ناوی خۆی تۆمارکرد و بوو بە سەرباز لە بەرەکانی جەنگ.
کریڤتسۆڤ، لەناو یەکە سەربازییەکاندا نازناوی "دالی"لێنرابوو، بەهۆی سمێڵە تەنک و باریکەیەکەوە، وەک هاوشێوەی هونەرمەندی سوریالیستی ئیسپانی "سیلڤادۆر دالی" ناسێندرابوو.
ناوبراو یەکێک بوو لە شاعیرە گرنگەکانی ئۆکرانیا، خاوەنی چەندین بابەتی شیعری گرنگ بوو، تەنانەت لە بەرەکانی جەنگیشدا دەستبەرداری کاری شیعرنووسین نەبوو، کتێبێکی شیعری لە بەرەکانی جەنگ بەناوی "کەلێنە شیعرییەکان" نووسی.
زۆرێک لە هونەرمەندان و شاعیرانی ئۆکرانیا، هەر لە سەرەتای لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بوونەتە سەرباز و چوونەتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بۆ بەشداریکردن شەڕ دژی ئۆکرانیا، بەشێکی زۆریشییان بوونەتە ئامانج و کوژراون.
11/01/2024