ئێران هاوردەکردنى 40 هەزار تۆن گۆشتى تاوەکو مانگى رەمەزان راگەیاند
بەمەبەستی دابینکردنی گۆشتی سوور بۆ پێویستیی ناوخۆ، ئێران تاوەکو دەستپێکی مانگی رەمەزان زیاتر لە 40 هەزار تۆن گۆشتی سوور لە دەرەوە هاوردە دەکات.
محەمەد ئاغامیری، جێگری سەرۆکی بازرگانی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، رایگەیاند "بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشاری خواست لەسەر گۆشتی سوور، مانگانە 12 هەزار تۆن گۆشتی بەستوو بە نرخی پەسەندکراو هاوردەی وڵات دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئازار (دەستپێکی ساڵی نوێ بەگوێرەی رۆژژمێری هەتاوی) کە دەکەوێتە نێو مانگی رەمەزان 40 هەزار تۆن گۆشتی سوور هاوردە دەکەن، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵک لە رەمەزاندا.
هاوکات، خانی نوزەری، جێگری سەرۆکی کاروباری ئابووریی وەزارەتی هاوکاریی ئێران، رایگەیاندووە، نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەستووی مانگا 280 هەزار تمەن و گۆشتی مەڕیش بە 230 هەزار تمەنە.
ماوەی چەند ساڵێکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخی گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لەساڵی رابردووش نرخەکەی گەیشتە بەرزترین ئاست، بەجۆرێک نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سووری ناوخۆیی زیاتر لە 500 هەزار تمەنە.
12/01/2024