ئیسرائیل: ئەگەر کۆمەڵکوژی کرابێت دژى ئێمە کراوە
دانیشتنی دادگەی دادی نێودەوڵەتی بۆ گوێگرتن لە سکاڵاکەى باشوورى ئەفریقا، بۆ تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە غەززە بەردەوامە.
دانیشتنەکە ماوەی دوو رۆژە بەردەوامە و سکاڵاکە خراوەتەڕوو، گوێ لە لایەنى سکاڵاکار و سکاڵالێکراویش گیراوە، لەرۆژی دووەمی دانیشتنەکەدا لە بەرواری 12ی کانوونی دووەمی 2024، تال بیکەر، راویژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەى لەکەرتی غەززە بۆ بەرگریکردنە لەخۆیان لەدژی بزووتنەوەى حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە.
راشیگەیاندووە، باشووری ئەفریقا چیرۆکێکی تەواو شێواویان پێشکەشکردووە بە تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژی لە غەززە، ئەگەر کۆمەڵکوژی کرابێت دژی ئەوان کراوە.
ئیسرائیل لە دادگەکەی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە، داواکارییەکەی باشووری ئەفریقا دەبێتە هۆى ئەوەى ئیسرائیل نەتوانیت بەرگری لەخۆی بکات، هاوکات نەهامەتی هاوڵاتی سڤیل لە ئیسرائیل و فەڵەستین بەهۆی ستراتیجی حەماسەوەیە، ئەو بزووتنەوەیە ئامانجیان کۆمەڵکوژکردنی ئیسرائیلە.
ئەفریقای باشوور دۆسیەیەکی 84 لاپەڕەیی دژی ئیسرائیل لە دادگەکە کردووەتەوە، ئەوان حکومەتی تەلئەڤیڤ بە جینۆسایدکردنی هاوڵاتیانی کەرتی غەززە تۆمەتبار دەکەن.
باشوورى ئەفریقا لە سکاڵاکەیدا باسیلەوەکردووە، "لە کاردانەوەی هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023دا، ئیسرائیل رێککەوتننامەی تایبەتبە کۆمەڵکوژی ساڵی 1948ى پێشێلکردووە".
12/01/2024