چی دەبێتەهۆی هەڵاوسانی مێشک؟

هەڵاوسانی مێشک لەرێگەی پشكنینی سیتی یان لەرینی موگناتیزییەوە دەستنیشاندەکرێت. فۆتۆ: gettyimages
هەڵاوسانی مێشک لەرێگەی پشكنینی سیتی یان لەرینی موگناتیزییەوە دەستنیشاندەکرێت. فۆتۆ: gettyimages

هەڵاوسانی مێشک، گرفتێکی مەترسیدارە و پێویستە لە زووترین کاتدا چارەسەربکرێت. هەڵاوسانی مێشک لە پارچەیەکی مێشك یان هەموو مێشکدا روودەدات. وەکو هەر بەشێکی دیکەی جەستە، هەڵاوسانەکە بەهۆی زۆربوونی شلە لە شانەکانی مێشکدا روودەدات. کاسەی سەری مێشك پێکهاتەیەکی رەقە و توانای کشان و گەورەبوونی نییە، هەربۆیە لەکاتی هەڵاوسانی مێشکدا، پەستانی ناو کاسەی سەر بەرزدەبێتەوە و دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی ئۆکسجینی مێشک، دەکرێت زیان بە مێشک بگات. دەکرێت ئەم گرفتە لە هەر کەسێکدا رووبدات، لە منداڵێکەوە بۆ بەساڵاچوویەک، گرفتەکە چەند هۆکارێکی جیاوازی هەیە. بەهۆی ئەوەی هۆکارەکانی ئەم گرفتە زۆرن و دەکرێت لە زۆر بارودۆخ و نەخۆشیدا رووبدەن، هەڵاوسانی مێشک بە گرفتێکی باو دادەنرێت.

هۆکارەکانی هەڵاوسانی مێشک چین؟

وەکو چۆن چەند هۆکارێکی هەڵاوسانی شانەکان لە جەستەدا هەن، هەڵاوسانی مێشکیش چەند هۆکاریكی جیاوازی هەیە. هۆکارەکانی هەڵاوسانی مێشک ئەمانەن:

  • زەبری مێشک: خوێنبەربوون یان زیانگەیشتن بە دەمارەخانەکانی مێشک
  • گرێی مێشک
  • دی کەی ئەی(DKA) لە تووشبووانی شەکرەدا
  • بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لەکاتی دووگیانیدا
  • هەوکردنی شانەکانی مێشک
  • هەوکردنی پەردەی مێشک
  • جەڵتەی مێشک
  • نەخۆشیی جگەر
  • زۆربوونی ئاوی مێشک
  • دەرمان
  • ژەهر
  • گیرانی خوێنهێنەرەکانی مێشک
  • هەڵاوسانی مێشک بەهۆی بەرزیی لە ئاستی دەریاوە

نیشانەکانی هەڵاوسانی مێشک چین؟

کاتێک نەخۆشییەکە توند نییە، دەکرێت هیچ نیشانەیەکی نەبێت، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشییەکەدا، چەند نیشانەیەک دروستدەکات. ئەمانەی خوارەوە باوترین نیشانەکانی گرفتەکەن:

  • سەرئێشە
  • خەواڵوویی
  • گۆڕانی کەسێتی
  • ئازاری مل
  • هەستکردن بە توندبوونی مل
  • رشانەوە
  • گەشکە
  • تێکچوونی بینین
  • تێکچوونی قسەکردن
  • گرفتی بیرهاتنەوەی شتەکان
  • بەرزبوونەوەی لەناکاوی فشاری خوێن
  • گرفتی هەناسەدان
  • بێهێزی
  • کەمبوونەوە یان لەدەستدانی ئاستی ئاگایی

هەڵاوسانی مێشک دەگوازرێتەوە؟

ئەم نەخۆشییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵام ئەو هەوکردنانەی دەبنەهۆی نەخۆشییەکە، لەوانە هەوکردنی شانەی مێشک و هەوکردنی پەردەی مێشک، دەکرێت بگوازرێنەوە.

نەخۆشییەکە چۆن دەستنیشاندەکرێت؟

مێژووی نەخۆشییەکە لە کەسی چارەخواز یان هاوەڵێکی وەردەگیرێت و پشكنینی مێشک و دەمار بۆ چارەخوازەکە دەکرێت. لەڕێگەی پشکنینی سیتی یان لەرینی موگناتیزییەوە، گرفتەکە بەتەواوی دەستنیشاندەکرێت. دەکرێت پزیشکی پسپۆڕ هەندێک پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی هۆکاری گرفتەکە بۆ کەسی چارەخواز بنووسێت.

هەڵاوسانی مێشک چۆن چارەسەردەکرێت؟

ئامانجی سەرەکیی چارەسەرەکان کەمکردنەوەی کۆبوونەوەی شلە و هەڵاوسانی شانەکانی مێشکە، هەڵاوسانی مێشک چەند چارەسەرێکی دیاریکراوی هەیە:

چارەسەر بە دەرمان

هەندێک دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بەکاردێن، ئەم دەرمانانە بەگوێرەی هۆکاری گرفتەکە بەکاردێن، هەندێکیان ئەمانەن:

  • ستیرۆیدەکان
  • دژەتاکان
  • دەرمانەکانی بەرزەفشاری خوێن

چارەسەر بە نەشتەرگەری

هەندێک لە حاڵەتە توندەکان پێویستیان بەم چارەسەرانە هەیە:

  • لابردنی کاسەی سەر: بەشێکی ئێسکی کاسەی سەر لادەبرێت بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ناو کاسەی سەر
  • دانانی بۆریی: بۆرییەک لە مێشکەوە بۆ شوێنێکی دیکەی جەستە دادەنرێت، ئەم چارەسەرە زیاتر بۆ ئەو حاڵەتانە دەکرێت کە زۆربوونی ئاوی مێشکیان هەیە.
  • نەشتەرگەری لابردنی گرێی مێشک

ئەو کەسانەی تووشی هەڵاوسانی مێشک دەبن چاکدەبنەوە؟

بەڵی لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، گرفتەکە خۆی و هۆکارەکەشی چارەسەردەکرێت. کاریگەرییە درێژخایەنەکانی هەڵاوسانی مێشک بەگوێرەی هۆکارەکان دەگۆڕێن، کاتێک کەسێک بەتوندی تووشی ئەم گرفتە دەبێت، ئەگەر چارەسەرنەکرێت، مەترسی لەسەر گیانی دروستدەبێت. ئەو کەسانەشی کە چاکدەبنەوە، دەکرێت هەندێک گرفت لە مێشکیاندا دروستبێت.