ئاڵوگۆڕی بازرگانی چین و رووسیا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی
بەگوێرەی داتا فەڕمییەکانی حکومەتی چین، لەساڵی 2023دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ رووسیا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی بە بەهای 240 ملیار دۆلار، لە بەرامبەردا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا دابەزیوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى حکومەتی چین کە رۆژی هەینی 12ی کانوونی دووەمی 2024 بڵاویکردووەتەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و رووسیا گەیشتووەتە زیاتر لە 240 ملیار دۆلار، ئەوەش زیاتربووە لە ئامانجی هەردوو وڵات کە لەسەرەتای ساڵی 2023دا پێشبینییانکردبوو 200 ملیار دۆلاربێت.
ئاژانسى فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ هەردوو وڵات و بەراورد بەساڵی 2022 بەرێژەی 26.3٪ زیادیکردووە، ئەوەش پاشئەوەی لەدوای لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەساڵی 2022 لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە پەکین و مۆسکۆ زیاتر لێکنزیکبوونەتەوە.
لەبەرامبەردا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2019ەوە دابەزینی بەخۆوە بینیوە و لەساڵی رابردوودا 664 ملیار دۆلار بووە، بەوەش بەراورد بە ساڵی 2022 بەرێژەی 11.6% کەمیکردووە.
بەگوێرەی داتاکان، هەناردەکردنی چین بەراورد بەساڵی 2022 بەرێژەی 4.6٪ کەمیکردووە، ئەوەش یەکەم دابەزینە لەدوای ساڵی 2016وە.
وانگ لینگجون، یاریدەدەری وەزیری ئیدارەی گشتیی گومرگی چین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئابووریی چین لەساڵی 2024 رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاڵۆزی و توندی و ناڕوونی ژینگەی دەرەکی روو لە زیادبوونە، پێویستە بەسەر سەختییەکاندا زاڵبن و هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری بازرگانیی دەرەکی.
13/01/2024