گرژییەکانى دەریاى سوور و پێشبینی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆ نرخی نەوت و زێڕ

کۆمپانیا گەورەکانی جیهان پێشبینی دەکەن نرخی نەوت و زێڕ بەرزببنەوە. فۆتۆ: AP
کۆمپانیا گەورەکانی جیهان پێشبینی دەکەن نرخی نەوت و زێڕ بەرزببنەوە. فۆتۆ: AP

لەپاش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆسەر حووسییەکانی یەمەن، شارەزایان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان پێشبینیدەکەن، نرخی نەوت و زێڕ لەماوەکانی داهاتوودا زیاتر بەرزببنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزییەکاندا خواست لەسەر نەوت و زێڕ زیاد دەکەن.

لەکاردانەوەی زنجیرەیەک هێرشدا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و دروستکردنی گرفتی هاتوچۆی بازرگانیی دەریایی، ئەمریکا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانییان کردەسەر دەیان بارەگای حوسییەکان لە یەمەن، ئەوەش دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی ئاڵۆزترکرد و نرخی نەوتی خاوی برێنتی بەرێژەی 2.5% بەرزکردەوە، لە کاتێکدا ململانێکان درێژدەبێتەوە بۆ شەڕێکی فراوانتری ناوچەیی.

لەگەڵ ئەوەی حووسییەکان جەختیان لەوەکردووەتەوە، بەردەوامدەبن لە هێرشکردنەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکان، شیکەرەوان و کۆمپانیا گەورەکان پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکەن.

گرووپی UBS

جیۆڤانی ستاونۆڤۆ، شارازەی ئابووری لە گرووپی یو بی ئێس دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی ئەو تێڕوانینەی بازاڕەوەیە کە پێیانوایە، ئەم هێرشانە پەرە بە ململانێکان دەدەن.

ئاماژەی بەوەکردووە، چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن لەچەند مانگی داهاتوودا، بەگوێرەى ئەوەى پێشبینیدەکەن نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک 80 دۆلار تێپەڕێنێت، ئەوەش لە ئەنجامی کەمکردنەوەی بەرهەمی ئۆپێک پڵەس، کە وادەکات خستنەڕووی نەوت کەم بکات.

گرووپی  ING

بەگوتەی وارن پیتەرسن، بەرپرسی ستراتیژییەتی کاڵا لە گرووپی ING، بارودۆخی ئێستا ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ئەگەری پشێوی و پێویستی وەستانی کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

گوتیشى، لە ئەگەری تەشەنەکردنی ململانێکاندا کاریگەرییەکان زیاتر و مەترسیدارتر دەبن لەسەر نرخی نەوت و زێڕ و کاڵاکانی دیکە لە جیهاندا.

ڤاندا ئینسایتس

ڤاندانا هاری، دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاریی ڤاندا ئینسایتس دەڵێت، بازاڕەکان پێشتر نرخیان لەسەر مەترسییە نوێکان داناوە و پێشبینی ئەم دۆخە کراوە، پێدەچێت نرخی نەوتی خاو تەنيا بە یەک دوو دۆلاری دیکە بەرزببێتەوە، جگە لەوەی هیچ کام لە لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو ئاڵۆزییانە نایانەوێت خراپترین سیناریۆ رووبدات.

باسی لەوەشکردووە، لە ئەگەری زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لەچەند مانگی داهاتوودا هەڵاوسان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزدەبێتەوە و نرخی شتومەک گران دەبێت.

بانکی وێستپاک

رۆبەرت رێنی، بەرپرسی توێژینەوەی کاڵا و کاربۆن لە کۆمپانیای وێستپاک بانکینگ گرووپ رایگەیاندووە، ئەمریکا و بەریتانیا پێشتر هۆشدارییاندا ئەگەر حووسییەکان بەردەوامبن لە هێرشەکانیان رێوشوێن دەگیرێتەبەر، بۆیە ئەم دۆخە چاوەڕواننەکراو نەبوو.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور تاوەکو ئێستا بە کەم سەیردەکرێن، بەڵام پێدەچێت نەوتی خاو بەرزببێتەوە و نەوتی برێنت 80 دۆلار و نەوتی تەکساسیش 75 دۆلار تێپەڕێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی حووسییەکان بەردەوامی هێرشەکانیان دووپاتکردەوە.

ساکسۆ کاپیتال مارکێتس

چارو چانا، پسپۆڕی بازاڕ لە کۆمپانیای ساکسۆ کاپیتال مارکێتس گوتوویەتى، هێرشە ئاسمانییەکان مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زیاتر کردووە، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت و زێڕ وەک پەناگەی سەلامەتی ئابووری، ئەوەش نرخەکان زیاتر بەرزدەکاتەوە.

بەگوتەى ئەو پسپۆڕە، مەترسی هەیە نرخی نەوت بەرزببێتەوە ئەگەر ململانێکان بەرەو هەڵکشان بچێت، سەرەڕای ئەوەی بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.