شیعریکی کەژاڵ ئەحمەد دەبێتە هەوێنی شانۆیەکی سەنتەری جۆن ئێف کەنەدی

سەنتەری "جۆن ئێف کەنەدی"، شانۆییەک بە سوودوەرگرتن لە شیعرێکی"کەژاڵ ئەحمەد" و داستانی "گلگامێش" پێشکەشدەکات.

سەنتەری "جۆن ئێف کەنەدی" بۆ هونەرە نمایشییەکان، لەسەر شانۆیی میلینیۆم، 15ی کانوونی یەکەمی 2023، نمایشێکی شانۆیی لەرێگەی گەشتێکی شیعرییەوە لەسەر ژیانی سێ ژنی کورد پێشکەشکرد.

شانۆییەکە بە ئیلهاموەرگرتن لە شیعرێکی "کەژاڵ ئەحمەد"، بەناونیشانی "هەتا تۆ خۆشتبوێم لەگەڵ داربەڕووەکان سەما دەکەم، جگە لە شیعرەکەی کەژاڵ، سوود لە دەقی "گلگامێش" کە کۆنترین داستانە شیعری مێژووییە وەرگیرابوو.

کارەکتەرەکانی: "ئێنکیدو، نینسون  و گیلگامێش"، لەگەڵ شیعرەکەدا گەشتی سێ ژنی کورد نمایش دەکات، بوونی فەرش، کورسی و تەلە جووڵاوەکان کاردانەوەی ژنەکان بەرامبەر جیهانی دەرەوەی  توندوتیژ و ناسەقامگیر پیشاندەدات.

"سەنتەری جۆن ئێف کەنەدی" بۆ هونەرە نمایشییەکان، یادگاری ئەمریکایە بۆ سەرۆک کەنەدی، ماڵی شانۆ، موزیک، سەما، ئۆپێرا و بۆنە کولتوورییەکانی هەموو جیهانە، هەروەها هەموو رۆژێک نمایشی کولتووری تێدا ئەنجام دەدرێت، خەڵک لە سەرانسەری جیهانەوە دەتوانن بەخۆرایی بینەریبن.