قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق گەیشتووەتە 55 ملیار دۆلار

بەهۆى شەڕى داعش و پەتاى کۆرۆناوە، قەرزە ناوخۆییەکانى عێڕاق گەیشتووەتە 55 ملیار دۆلار. فۆتۆ: گوگڵ
بەهۆى شەڕى داعش و پەتاى کۆرۆناوە، قەرزە ناوخۆییەکانى عێڕاق گەیشتووەتە 55 ملیار دۆلار. فۆتۆ: گوگڵ

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، قەرزە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە 55 ملیار دۆلار، کەڵەکەبوونی ئەو قەرزە بۆ دوو شۆک دەگەڕێتەوە کە بەر ئابووریی عێراق کەوتووە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، قەرزی گشتیی ناوخۆیی بە 55 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، نزیکەی 73 ترلیۆن دینار دەکات، ئەوەش بەهۆی دوو شۆک کە لەساڵی 2014وە دووچاری عێراق بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆکی یەکەم شەڕی داعش بوو لەساڵی 2014 کە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخانکرا لەلایەن حکومەتەوە، هەروەها بەهۆیەوە نرخی نەوت دابەزی ئەوەش زیانی گەورەی ئابووری بۆ عێراق هەبوو.

بەگوتەی راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شۆکی دووەم تەندروستی و دارایی بوو، ئەویش هاتنی پەتای کۆرۆنا بوو زیانی گەورەی دارایی بۆ وڵاتانی جیهان هەبوو.

مەزهەر محەمەد ساڵح لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەى بەوەکرد، لەهەردوو شۆکەکەدا بەرمیلێک نەوت 40٪ی نرخەکەی لەدەستدا، داهاتی عێراقی کەمکردەوە و بەناچاری پەنای بۆ قەرزکردن برد.

سەبارەت بە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان گوتى، میکانیزمێک هەیە لەرێگەی سیاسەتی دارایی و لە بودجەی گشتیی ساڵانەدا، کار بۆ گەڕاندنەوەى قەرزەکان بکرێت.