هەشت ساڵ لەمەوبەر کەریم کابان ژیانئاوایی کرد
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە 14ی کانوونی دووەم 2016، هونەرمەندی کورد "کەریم کابان" ژیانئاواییکرد، چەندین بەرهەمی رەسەنی پێشکەش بە دنیای هونەری کوردی کرد، میراتێکی کولتووری لە دوای خۆی بەجێهێشت کە هەڵگری مۆرکێکی کوردانەیە و کاریگەری لەسەر تاکی نەتەوەکەی بەجێهێشتووە.
"کەریم کابان"، ناوی تەواوی "عەبدولكەریم جەلال مەحموودە"، لە 24ی شوباتی 1927، لە گەرەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە.
نازناوی کابان، بۆ دایەگەورەی خێزانەکەیان دەگەڕێتەوە، کە ژنێکی زۆر لێهاتوو و کابان بووە و خاوەن دیوەخان بووە، هەرچەندە رایەکی دیکە لەمەڕ ریشەی نازناوی "کابان" هەیە، ئەو رایەش لەلایەن شوێنەوارناس "د.رافیدە عەبدوڵا" پێشنیارکراوە.
بەگوێرەی ئەو بۆچوونەش ریشەی ناوی کابان بۆ دەقەمێخەکییەکان دەگەڕێنێتەوە، کاتێک لە 417ی پێش زایین، لەکاتی لەشکرکێشی "سەرجوونی دووەم"ی ئاشوورییەکان بۆ سەر "ئۆراتۆ" هێرشی کردووەتەسەر دەوڵەتی "کابانو-کابان" کە لەئەمڕۆدا ناوچەی قەڵادزێیە، بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ناوی کابانەکانی سلێمانی بۆ ئەو ریشە مێژووییە دەگەڕێتەوە.
دایکی"حەلاوە عەلی"، کچی یەکێک لە بنەماڵە دیارەکانی شاری سلێمانی بووە، باوکیشی پیشەی چایچی بووە، لەپاڵ ئەوەشدا دەفژەن و دەنگخۆش بووە، بەشداری مەولوودنامەکانی کردووە و سروودی ئاینی وتووە.
هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشی تێدا دەرکەوتووە، کاتیک لە قوتابخانەی فەیسەڵییە بووە لە شاری سلێمانی، لەبەت دەنگخۆشی خراوەتە تیپی سروودی قوتابخانەوە، لە سەرجەم چالاکییە هونەرییەکانی قوتابخانە بەشداریکردووە، بۆ چڕینی سروودە نیشتیمانییەکان زۆرجار لە ریزی گۆڕپانی قوتابخانە هێنراوەتەدەرەوە.
لە ساڵی 1945 کاتێک تەمەنی دەگاتە خزمەتی سەربازی، لەبری خزمەتی سەربازی دەچێتە بەغداد لە بەڕێوبەرایەتی بەشی بێ تەل بەشداری خولێکی بێ تەلی دەکات، هەر لەوێشەوە پەیوەندی بە ئێزگەی بەغداد کردووە یەکەمین گۆرانی خۆی لەوێ تۆمارکردووە وبڵاوکردووەتەوە.
لەسەروبەندی کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ژمارەیەک ئاوازی میللی و فۆلکلۆری دیاریکراو باوی بوو، بەڵام بیری ئاوازدانانی "کابان" بەشێوەیەکی دژەباو هاتە مەیدانەوە، وەرچەرەخانی لە مێژوویی ئاوازی هونەری کوردی تۆمارکرد.
یەکێک لە ئاوازە دیارەکانی ساڵی حەفتاکان "درزی پەچە" بوو، کە ئاوازەکەی پێشکەش بە هونەرمەند "قادرکابان"ی برای کردووە.
لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە پێوەندی بە تیپی موزیكی شۆڕشەوە دەكات، لەگەڵیاندا گۆرانیی "یاران وەسیەتم" و "شەو" لە گوندی وەسانێی دۆڵی باڵەكایەتی تۆمار دەكات، لە یادی شۆڕشی ئەیلوولدا هەردوو بەرهەمەکە لەرێگەی ئێزگەی دەنگی کوردستان بڵاودەکاتەوە.
کابان ئەندامی تیپی موزیکی سلێمانی بووە، لە دوای شکستی شۆڕشەوە لە ساڵی 1975، تا تا دوا ساتەکانی تەمەنیشی هەر ئەندامی تیپەکە بووە، هەشت ساڵ لەمەوبەر لە رێککەوتی 14ی کانوونی دووەمی 2016گیانیلەدەستدا میراتێکی کلتووری لە دوای خۆی بەجێهێشت.
14/01/2024