شانۆنامەی "نایاسایی" لە فێستیڤاڵی شانۆی میتان نمایشکرا

لە چوارەمین رۆژی خولی پێنجەمی فیستیڤاڵی "میتان"، شانۆنامەی "نایاسای" لەلایەن گروپێکی شانۆیی شاری کەرکوک نمایشکرا.

چالاکییەکانی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی میتان، لەژێر دروشمی "گەڕانەوە نزیکە، ​​هەموو هیواخوازین"، لە هۆڵی میتان لە ناحیەی ئەحداسی سەر بە کانتۆنی شەهبا بەردەوامە.

لە میانەی چالاکییەکانی چوارەمین رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، کۆمەڵێک شانۆنامەنووس، کە خەڵکی شاری کەرکوک بوون، شانۆنامەیەکیان بەناوی "ناشەرعی" پێشکەشکرد، بە سەدان ئاوارەی عەفرین و دانیشتووانی کانتۆنی شەهبا لە نمایشەکەدا ئامادەبوون.

شانۆنامەنووس"بەرهەم ئەحمەد" کاری دەرهێنانی بۆ شانۆنامەکە کردبوو، "نالی ئیسکەر"یش هاوبەشی کاری نووسینی شانۆنامەکە بوو، لەهەمانکاتیشدا وەک ئەکتەر رۆڵی لە شانۆییەکەدا گێڕاوە.

ناوەڕۆکی شانۆنامەکە رۆشنایی دەخاتە سەر ئەو کارە نایاساییانەی کە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدەدرێن.

"میتان"، ڤیستیڤاڵێکی تایبەتە بە شانۆیی کوردی، ئەمساڵ پێنجەمین خولی فیستیڤاڵەکە، لە 10ی کانوونی دووەمی 2024 دەستیپێکرد، بەگوێرەی لێژنەی ئامادەکاری فیستیڤاڵەکە، بڕیارە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی 8 ڕۆژ بەردەوام بێت.