ئێدگار ئالن پۆ؛ ئەندازیاری کورتەچیرۆکی هاوچەرخ
ئێدگار ئالن پۆ شاعیر و چیرۆکنووس پێگەیەکی سەنگینی لە ئەدەبدا داگیرکردووە، بەدیاریکراوییش، لە دونیای خەیاڵی شاعیرانەدا، سەرمەشقە و بە ئەندازیاری کورتەچیرۆکی هاوچەرخ ناسێنراوە.
ئێدگار ئالن پۆ، 19ی کانونی دووەمی 1809، لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە هەناوی خێزانێکی هونەرییدا لەدایکبووە، دایبابی ئەکتەری بەرەوپێشچوو بوون، بەڵام هەر زوو، لە تەمەنی سێ ساڵیدا، هەتیو کەوتووە.
پۆی منداڵ، لەسەر دەستی بازرگانێکی زەنگین پەروەردە بووە، لە باشترین قوتابخانەکان قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی تەواوکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەناچاریی، دەستبەرداری خوێندنی باڵا بووە و چووەتە ڕیزی سوپاوە.
پۆ لە قۆناغی سەربازییدا، یەکەم کۆمەڵە شیعریی خۆی، بە ناونیشانی "Tamerlane, and Other Poems"، لە ساڵی 1829 بڵاوکردووەتەوە، بەڵام سەرنجێکی زۆری پێنەدراوە، لە هەمان ساڵدا، بەهۆی پابەند نەبوونی بە ئەرکی سەربازییەوە، دوورخراوەتەوە و ڕووی لە شاری نیویۆرک کردووە، لەوێ، ساڵی 1831، سێیەم کۆمەڵە شیعریی خۆی، بە ناونیشانی "Poems" بڵاوکردووەتەوە.
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا و لە قۆناغەکانی ژیانیدا، پۆ ستایشێکی گەورە نەکراوە، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگەی خوێنەراندا، وەکو نووسەرێکی بواری خەیاڵی، ڕێزی لێگیراوە و پاش بڵاوبوونەوەی کتێبی شیعریی "The Raven"، سەرکەوتنەکانی دەستیانپێکردووە.

پاش ڕێکەوتی حەوتی تشرینی یەکەمی 1849، کاتێک پۆ لەژێر گومانێکی زۆردا، لە تەمەنی 40 ساڵی کۆچی دوایی کردووە، وێنایەکی نایەکسان لەسەر کەسایەتییەکەی کراوەتەوە و بڕیاری نادادپەروەرانەی لەسەر دراوە، تایبەتمەندیی کەسایەتیی ناو شیعر و چیرۆکەکانی، ڕاستەوخۆ دراونەتە پاڵ کەسایەتییە ڕاستەقینەکەی، بەدرێژایی سەدەی 19 و سەرەتای 20، ناسنامەی پۆ و تایبەتمەندیی بەرهەمەکانی، بوونەتە جێی توێژینەوە دەروونناسییەکان، ئەم دۆخە، تاوەکو ساڵی 1941 بەردەوام بووە، پاشان نووسەر، A.H. Quinn، لەڕێگەی ژیاننامەیەکی تایبەتەوە، تێڕووانینەکانی دەربارەی پۆ گۆڕیوە و هێڵی خەیاڵکردن و تایبەتمەندیی نێوان پۆ و کارەکانی کێشاوە.
پۆ بەردەوام بە داهێنەری شیعرە ترسناکەکان دەناسرێتەوە، هاوکات یەکێک بووە لە سەرەتاییترین ئەو کەسانەی، شێوازی کورتەچیرۆکی لێکۆڵەریی هاوچەرخی داڕشتووەتەوە و بە داهێنەری ژانرای خەیاڵی زانستیی دادەنرێت، یەکەم نووسەری بەرەوپێشچوو بووە لە مێژووی ئەدەبی ئەمریکا.
لەتێکڕای ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، پۆ، 69 شیعری بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی 70 کورتەچیرۆکە، لەکاتێکیشدا بە مامۆستای گێڕانەوە ترسناکەکان دادەنرێت، بەڵام تەنیا 15 چیرۆکی لە چوارچێوەی ئەم ژانرایەدا نووسیوە، یەک شانۆنامە و دوو ڕۆمانی هەیە.
تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 50 بەرهەمی سینەمایی، لەسایەی گێڕانەوە و جیهانبینیی پۆدا بەرهەمهێنراون و کاریگەرییەکەی لەسەر ژانرای تاوان و ترسناکی ئەدەب و هونەر، بەردەوامیی هەیە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا