مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا و ناکۆکییەکانیان

ئاڵای ئەمریکا و ئێران. فۆتۆ:AFP
ئاڵای ئەمریکا و ئێران. فۆتۆ:AFP

پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا سێ قۆناغی سەرەکیی هەیە و بە چوار وەرز پێناسە دەکرێت.

لە قۆناغی یەکەمدا و نزیکەی 200 ساڵ لەوە پێش، ئێران بەهۆی شکستی لە شەڕەکانی لەگەڵ رووسیا، لە دوو رێککەوتننامەی تورکمانچای و گوڵستان دا، 250 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی خۆی لە جۆرجیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان رادەستی رووسیا کرد، و کەوتە ژێر باری هەژموونی قورسی رووسەکان. بەشێک لە ئێرانییەکان بیریان لە دۆزینەوەی رێگایەک بۆ خۆ رزگارکردن لەو هەژموونە قورسەی رووسیا دەکردەوە، بۆیە ئەمیرکەبیر کەسایەتیی دیاری ئەو سەردەمەی ئێران دەستیکرد بە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان، کە لەو کاتەدا لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئێران و بە دوور لە کاری سیاسی و سەربازی، سەرقاڵی کاری رۆشنبیری و تەبشیری بوون.

لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا لە 19ی تشرینی یەکەمی 1851 دا رێککەوتننامەی کەشتیوانی لەنێوان ئێران و ئەمریکا واژۆ کرا، ئەو رێککەوتنە سەرێکێشا بۆ پەیوەندیی سیاسی و ئێران لە ساڵی 1856 دا کۆنسوڵگەریی لە ئەمریکا کردەوە و ئەمریکاش لە ساڵی 1883 دا کۆنسوڵگەریی خۆی لە ئێران کردەوە. ئەوەش بە دەستپێکردنی بەهاری پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەزانرێت.

قۆناغی دووەمی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و لە سەردەمی موسەدق دا روویدا، موسەدق دەیخواست نەوتی ئێران خۆماڵی بکات، کە لەو سەردەمەدا لە کۆنترۆڵی بەریتانییەکاندا بوو. موسەدق بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی بەریتانییەکان دەستیکرد بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەمریکییەکانیش پشتیوانییان لە سیاسەتی خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران کرد لە ساڵی 1951 دا. پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە هەموو رووە سەربازی و ئابووری و بازرگانی و نەوتییەکانەوە گەیشتە لوتکە و تاوەکو ساڵی 1979 بە گەرمی بەردەوامیی هەبوو، کە بە هاوینی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دەزانرێت.

قۆناغی سێیەمی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە دوای شۆڕشی 1979ی ئێران دەستپێدەکات، بە رووداوەکانی کۆنترۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە 4ی تشرینی دووەمی 1979 لە تاران، و هەوڵەکانی ئێران بۆ هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی جیهان، دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 و هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردن و پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە، تەقاندنەوەی بنکەی سەربازانی ئەمریکا لە ساڵی 1983 لە لوبنان و دوو جار تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵانی 1983 بۆ 1984 لە بەیروتی لوبنان، کە بوونە هۆی کوژرانی 392 دیپلۆماتکار و سەرباز و کارمەندی ئەمریکی و فەرەنسی و لوبنانی، کە ئەمریکا ئێران و حیزبوڵا بە هۆکاری ئەو تەقینەوانە دەزانێت، خەزانی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دەستیپێکرد، لە خەزانی پەیوەندییەکان و لە ساڵی 1988 خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئەیرباسی هێڵی ئێران ئەیر لە کەنداو و کوژرانی 290 سەرنشینی فڕۆکەکە لەلایەن کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکییەوە، دەرگای زستانی بە رووی پەیوەندییەکاندا کردەوە.

لە سەردەمی زستانی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن دا، رووداوەکانی "تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملو" سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێکانی لە لە ساڵی 1988 لە ڤییەنا و "تیرۆرکردنی د. سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێکانی لە 1992 لە کافتریای میکۆنۆسی بەرلین و کوژرانی شاپووری بەختیار لە ساڵی 1991 لە فەرەنسا روویاندا، بەڵام گەورەترین رووداوی سەرەتای  سەردەمی زستانی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 1994 بە تەقاندنەوەی ناوەندی رۆشنبیری و هاوکاریی جووەکان لە ئەرجەنتین بووە، کە بە ناوەندی ئامیا دەناسرا، لەو تەقینەوەیەدا 85 هاوڵاتیی جووی دانیشتووی ئەرجەنین کوژران، کە بە گەورەترین تەقینەوەی هاوچەرخ لە ئەمریکای لاتین دەزانرێت. بە گوێرەی بۆچوونەکانی ئەمریکا و بڕیاری دادگاکانی ئەو وڵاتانە، ئێران هۆکاری ئەو رووداوانە بووە.

ئەو رووداوانە سەرەتای زستانی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن بوون. ئەمریکا لە دوای رووداوی بە بارمتەگرتنی 66 دیپلۆماتکارەکانی لە تاران، بۆ یەکەمجار سزای بەسەر حکومەتی ئێران دا سەپاند، بەڵام سزاکانی سەر ئێران لە ساڵی 1995 و لە سەردەمی بیل کلینتۆن دا گەیشتە قۆناغێکی گەورەتر و ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی سەربازی و ئەتۆمیی و رێگریکردن لە گەشەی تەکنەلۆژیی سەربازی و مووشەکیی ئێران، سەدان کۆمپانیای بواری نەوت و گاز، دامەزراوەی بواری ئەمنی و سەربازی، بانکەکان، کەسایەتییە سیاسی و بەرپرسەکانی ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانەوە.

ئەمریکا لە کاتی بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتەکانی لە ساڵی 1979 لە تاران، 11 ملیار دۆلار پارەی ئەو کاتی ئێرانی لە بانکەکانیدا بلۆک کرد، ئێستاش بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە زیاتر لە 120 ملیار دۆلار پارەی ئێران لە بانکە جۆراجۆرەکانی وڵاتە جیاوازەکاندا بلۆک کراون. دەرەنجامی سزاکانیش، هەڵاوسان، دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی و دروستبوونی قەیرانی دارایی و ئابووری و سیاسی بۆ ئێران لێکەوتووەتەوە.

لە دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراق و هێرشەکانی گەردەلولی بیابان بۆ سەر عێراق لە سەرەتای ساڵانی 1990 و رووخانی حکومەتی سەدام حوسێن لە 2003 لە عێراق، ئێران و ئەمریکا چوونە قۆناغێکی دیکە لە شەڕی ململانی و فراوانکردنی هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە.

ئەمریکا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات، کە پشتوانی لە گروپە جۆراوجۆرە شیعە و سونەکانی ناوچەکە بە تایبەتی لە عێراق، لوبنان، یەمەن و سووریا، بەحرەین، سعودیە و ئەفغانستان لە دژی ئەمریکا دەکات. چەک و مووشەک و درۆن و پێداویستیی دیکەی سەربازی بۆ ئەو گروپانە دابین دەکات و ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگای هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەمریکا بەشێک لە هێرشی گروپە سونەکان بۆ سەر هێزەکانی لە عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادی بۆ هاوکاریکردنی ئێران بۆ ئەو گروپانە دەگەڕێنێتەوە، هێرشی ساڵی 2019ی ئەنساروڵای حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزاروەی نەوتیی ئارامکۆی سعودیەش بە هێرشی لایەنگرانی ئێران دەناسێنن. ئێرانیش کوژرانی زانا ئەتۆمییەکانی و تەقاندنەوەی هەندێک ناوەندی ئەتۆمی و سەربازیی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

بە کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە 3ی کانونی دووەمی 2020 لە فڕۆکەخانەی بەغدا قۆناغێک لە ململانێی ئێران و ئەمریکا دەستیپێکرد و ئێران بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریری بە مووشەکی بالیستی کردە ئامانج.

بە دەستپێکردنی شەڕی غەززەش، ئاستی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق و سووریا زیاتر دەبینرێت، ئەمریکا ئێران بە پشتی ئەو شەڕە و بەهێزکردنی حەماس دەزانێت، هاوکات مقاومەی ئیسلامی، کە ئەمریکا بە لایەنگری ئێرانی دەزانێت، زیاتر لە 100 هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

بەگوێرەی ئەو پێشهاتانە، زستانی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە هێرشە مووشەک و درۆنیەکان گەیشتووتە لوتکەی گەرمی و دیار نییە دەستشکاندنەوەی ئەم دوو وڵاتە لەم ناوچەیەدا تاکەی درێژەی دەبێت، کە خەڵکی وڵاتانی ئەم ناوچەیە باجەکەی دەدەن.