ژمارەیەک کارمەندی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە هێرشێکی مووشەکییدا برینداربوون

بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد لە پارێزگاى ئەنبار. فۆتۆ: AP
بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد لە پارێزگاى ئەنبار. فۆتۆ: AP

فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا  ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییەی شەوی رابردوو کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق، ژمارەیەک کارمەندی ئەمریکی و سەربازێکی سوپای عێراقی برینداربوون.

فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دوێنێ شەممە کاتژمێر 18:30 ئەو چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ژمارەیەک مووشەکی بالیستیان ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کرد.

ڕاشیگەیاندووە، زۆرینەی مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بنکەی عەین ئەسەد خراونەتە خوارەوە، بەڵام ژمارەیەک مووشەکی دیکە لە بنکەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، زیان بەر سەری چەند کارمەندێکی ئەمریکی کەوتووە و سەربازێکی سوپای عێراقیش برینداربووە.

شەوی رابردوو گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە حەشدی شەعبی رایگەیاند، ژمارەیەک مووشەکیان ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کردووە کە راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکی تێدا جێگیرکراون.

لای خۆیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاندبوو کە ژمارەیەک مووشەک لە نزیک بارەگایەکی سوپای عێراق لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کەوتووەتەخوارەوە و بەھۆیەوە سەربازێک بریندار بووە.