جۆرج ئۆروێڵ داهێنەری چەمکی جەنگی ساردە
لە سەردەمی کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانییدا، یەکێک لە دیارترین ڕۆماننووسەکانی بەریتانیا و جیهان، ئێریک ئارسەر بلێر، ناسراو بە جۆرج ئۆروێڵ، ڕێکەوتی 25ی حوزەیرانی 1903 لە بێنگالی هیندستان لەدایکبووە.
مەترسییەکانی دەسەڵاتخوازی پیشاندەدات
جۆرج ئۆروێڵ، ڕۆماننووس، وتارنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی، بەناوبانگ بە ڕۆمانەکانی "Animal Farm" و "1984"، یەکێکە لە دیارترین ئەو نووسەرانەی، لە جیهانی دژە-یۆتۆپیا، قەڵەمێکی تیژیان هەیە و بە ڕوونی مەترسییەکانی دەسەڵاتخوازییان ڕوونکردووەتەوە.
ئیلهامی ناوەکەی لە ڕووبارێکەوە وەرگرتووە
لە کتێبێکیدا بەناوی "Down and Out in Paris and London"، خۆی بە جۆرج ئۆروێڵ ناساندووە، کە ئیلهامی لە ڕووباری ئۆروێڵی بەریتانیا وەرگرتووە، ناوی ئۆروێڵ، شێوازی ژیانکردنی گۆڕیوە، لە پایەیەکی گرنگی ئیمپریالیزمی بەریتانییەوە، بازی پێداوە بۆ بەرەی ئەدەبیات و شۆڕشی سیاسی.
سەرەتای ژیانی ئۆروێڵ، ژیانێکی ئاسایی چینی مامناوەندی ئینگلیزی بووە، بە منداڵی، ڕقی لە دامەزراوە و ناوەندە پەروەردەییەکانی خوێندن بووە، ئاماژەی بەوە داوە، بەردەوامبوون لە خوێندنی پەیمانگەکان، "دەتکات بە زبڵ."
کاری جیاوازی کردووە
لەگەڵ گەورەبوونیدا، چەندین کاری جیاواز و نامۆی ئەنجامداوە، پۆلیسی شاهانەیی بووە لە هیندستان، مامۆستای دواناوەندی، کتێبفرۆش و نووسەری پڕوپاگەندەی BBC بووە لە قۆناغی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لەپاڵ هەموو ئەم کارانە، بەردەوامبووە لە نووسینی کتێب و چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان.

حەوت زمانی زانیوە
ساڵی 1944، ئۆروێڵ لە نووسراوێکیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە توانای قسەکردن و نووسینی بە حەوت زمانی جیاواز هەیە، لەوانە: فەڕەنسی، لاتین، یۆنانی، ئیسپانی و بۆرمی.
جۆرج ئۆروێڵ، لە تێکڕای ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، نۆ کتێبی نووسیوە، کە شەشیان خەیاڵیین، لە دیارترینیان: 1984، Animal Farm، Why I Write و Homage to Catalonia.
مەزرای ئاژەڵان نزیک بووە لە لەناوچوون
ساڵی 1944، ئەوکاتەی نازییەکانی ئەڵمانیا لەڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە، هێرشیان کردە سەر لەندەن، ڕەشنووسی کتێبە بەناوبانگەکەی "مەزرای ئاژەڵان"، نزیکی لەناوچوون بوویەوە، بەو هۆکارەی، ماڵەکەی یەکێک بوو لەو پێگانەی، لەمیانی هێرشەکاندا، زیانێکی گەورەیان بەرکەوت.
چەمکی جەنگی ساردی داهێناوە
یەکەم بەکارهێنانی چەمکی "جەنگی سارد"، دەگەڕێتەوە بۆ جۆرج ئۆروێڵ، ساڵی 1945، لەمیانی تەواوبوونی جەنگی جیهانیی دووەم و سەرهەڵدانی ململانێکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، لەچوارچێوەی نووسراوی "You and the Atom Bomb"، ئاماژەی بەم چەمکە داوە و بەخێرایی چووەتە سەر زاری کەسایەتییە سیاسییەکان و کتێبەکانەوە.
لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، ئۆروێڵ دوچاری نەخۆشی سیل بووە، بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنیدا بووە، بەڵام لە دەرئەنجامدا، ڕێکەوتی 21ی کانونی دووەمی 1950، گەیاندوویەتیە لێواری مەرگ و لە تەمەنی 46 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

2 کاتژمێر پێش ئێستا