ئەمریکا کۆمپانیای فلای بەغدادی خستە لیستى سزاکانییەوە
وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای بەغداد و بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەی، بەتۆمەتی هاوکارییکردنى سوپای پاسداران خستە لیستی سزاکانییەوە.
لەراگەیەندراوێکدا وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا بڵاویکردەوە، کۆمپانیای فلای بەغداد بۆ چەندین ساڵ هاوکاریی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران و بریکارەکانی کردووە، بەگواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی و کەسەکان لەسەرتاپای ناوچەکە.
وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، گەشتەکانی فلای بەغداد کاروانی چەک و تەقەمەنی بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق لەسووریا گواستووەتەوە، جگە لەوەش ئەندامانی سوپای پاسداران، فەیلەقی قودس و ملیشیا هاوکارەکانی ئێرانی بۆ خاکی سووریا گواستووەتەوە.
لەراگەیەندراوەکەدا بەیاریکراوی ناوی هەریەک لەبەرپرسانى کۆماری عەرەبی سووریا، حیزبوڵلای لوبنان، کەتیبەکانی حیزبوڵلا و کەتیبەکانی ئەبوفەزڵ عەباسیش ناویان هاتووە، کە کۆمپانیای فلای بەغداد هاتوچۆی پێکردوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا، کۆمپانیای فلای بەغداد مووشەکەکانی جۆری فەتح، زولفەقار و فەجری دروستکراوی ئێران، چەکی کڵاشینکۆف، ئاڕ بی جی حەوت، نارنجۆک و چەکی دیکەی رادەستی ئەو گرووپە چەکدارانە لەناوخۆی سووریا کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا، کەتیبەکانی حیزبوڵلا کۆمپانیای فلای بەغداد بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی چەکدار، چەک و پارە بۆ سووریا و لوبنان، هەروەها کەتیبەکانی حیزبوڵلا جەنگاوەر و ئەو چەکە ئەمریکییانەی لە عێراق و سووریا دەستی بەسەردا گرتوون، لەرێگەی گەشتی ئەو هێڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوخۆی لوبنان.
کۆمپانیای فلای بەغدادی فڕۆکەوانی، لەساڵى 2017 دروستبووە و ئێستا خاوەنى 11 فڕۆکەى نەفەرهەڵگرە.
22/01/2024