باڵیۆزى ئەمریکا روونکردنەوەیەکى لەسەر سزادانى کۆمپانیایەکى فڕۆکەوانى عێراقى بڵاوکردەوە
باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق روونکردنەوە لەسەر سزاکەى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیایەکى فڕۆکەوانى عێراقى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بڕیارەکە سووربوونى ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەى سوپاى پاسدارانى ئێران پیشاندەدات.
ئەلینا رۆمانۆسکى، باڵیۆزى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە عێراق لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاویکردووەتەوە، دانانى کۆمپانیاى فڕۆکەوانى عێراق (فلاى بەغداد) و سێ ئەندامى کەتیبەکانى حیزبوڵلاى لوبنان، لەلیستى ئەو لایەنانەى پاڵپشتى سوپاى پاسدارانى ئێران و گرووپەکانى سەر بەو سوپایە دەکەن لە عێراق و سووریا، سووربوونى ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەى هەڕەشەى بەردەوامى سوپاى پاسداران و تۆڕەکەى لە عێراق پیشاندەدات.
ئاماژەى بەوەکردووە، بەکارهێنانى کۆمپانیایەکى فڕۆکەوانى عێراقى بۆ گواستنەوەى چەک، چەکدار و دۆلارى ئەمریکى، پێشێڵکارییەکى ئاشکراى سەروەریى عێراقە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ى کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای بەغداد و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەی، بەتۆمەتی هاوکارییکردنى سوپای پاسداران بەگواستنەوەى پارە، چەک و چەکدار خستە لیستی سزاکانییەوە.
22/01/2024