رێژەی گەشتکردن بۆ سعودیە 156% زیادیکردووە
سعودیە ئەو وڵاتەی لە دوو ساڵی رابردوودا وەرچەرخانێکی مێژوویی تیایدا روویداوە و شازادەی جێنشین بە چەند پلانێک وڵاتەکەی بەڕووی جیهاندا کردووەتەوە و ئێستا جگە لە عەمرەکاران، گەشتیارێکی زۆریش سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی، لەساڵی 2023 سەردانی گەشتیاری بۆ سعودیە بەراوورد بە ساڵی 2019، بەڕێژەی 156٪ زیادیکردووە.
ئەو گەشەکردنە بەرچاوەی شانشینی سعودیە لە کەرتی گەشتیاریدا بەدەستیهێناوە، بەشداری کردووە لە بوژانەوەی کەرتی گەشتیاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەگوێرەى ئەوەى تاکە ناوچەیە کە ژمارەی گەشتیارانی لە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیاتر گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.
راپۆرتەکەی رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی، بەشدارییەکی بەرچاوی کەرتی گەشتیاریی شانشینی سعودیە پشتڕاستدەکاتەوە لە بەرزکردنەوەی گەشەی جیهانیی لە بواری گەشتیاریدا، بەگوێرەى ئەوەى شانشینی سعودیە لە پێشەنگی وڵاتانی گروپی 20 بووە لە گەشەی ژمارەی گەشتیاران لە ماوەی ساڵی 2023دا و هەروەها پلەی دووەمی لە نێوان خێراترین شوێنەکاندا بەدەستهێناوە بۆ بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری.
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی سعودیە، وڵاتەکە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە خەرجیی ئەو سەردانیکەرانەی لە دەرەوە چوونەتە وڵاتەکەوە بەدەستهێناوە و کۆی خەرجییەکانی سەردانکەران بۆ سێ چارەکی یەکەمی ساڵی 2023 گەیشتووەتە زیاتر لە 100 ملیار ریال کە دەکاتە زیاتر لە 26 ملیار دۆلار.
ئەم گەشەکردنە بۆ بەهێزکردنی پێگەی شانشینی سعودیە وەک ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی جیاواز رەنگدانەوەی کرانەوەی سعودیەیە بەرووی جیهاندا، بەتایبەت دوای ئەوەی لەساڵی 2023، ژمارەیەکی زۆری ئەستێرەی جیهانیی تۆپی پێ بە زەبری پارە پەلکێشی خولی سعودی کران کە لە سەروو هەموویانەوە کریستیانۆ رۆنالدۆی ئەستێرەی ناوداری پرتوگالی هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی، رێژەی گەشتیاریی جیهانی گەیشتووەتە 88٪ی پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە مەزەندە دەکرێت ساڵی رابردوو یەک ملیار و 300 گەشت ئەنجامدرابێت و داهاتەکەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 300 ملیار دۆلار بێت لەکاتێکدا پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا تریلیۆنێک و 500 ملیار دۆلار بوو.
23/01/2024