فیلمی "گێلگامێش لە کوێیە؟" نمایشدەکرێت
فیلمى "گێلگامێش لە کوێیە؟"، لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانى، کارزان کاردۆزی، بڕیارە رێکەوتی مانگی شوبات، لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر، نمایشی دەستپێبکات.
فیلمی "گێلگامێش لە کوێیە؟"، لەلایەن ستافێکی شەش کەسییەوە، لە ماوەی مانگێکدا لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری، کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.
فیلمەکە، سەر بە ژانرای نوارە، کارزان کاردۆزی، دەرهێنەری فیلمەکە، بە کەناڵ8ی راگەیاند، "ناوەڕۆکی فیلمەکە باسی تاوانکارییە، سەبارەت بە تاڵانبردن و لەناوچوونی ئەنتیکی میزۆپۆتامیایە، سەرچاوەی چیرۆکەکەی داستانی گێلگامێشە، کە گرفتێکی گەورەی فەرامۆشکراوی کوردستان و عێراقە".
کارزان ئاماژەی بەوەش کردووە؛ چیرۆک، کارەکتەر و رووداوەکانی داستانەکە، گواستراونەتەوە بۆ کەشی ئێستای کوردستان، ماوەى فیلمەکە 127 خولەکە.
بە گوتەی کارزان، پرۆسەی نووسینی سیناریۆ، پێش بەرهەمهێنان، وێنەگرتن و دوای بەرهەمهێنان، پێکڕا زیاتر لە نۆ مانگیان خایەندووە، کە خودی پرۆسەی وێنەگرتنەکەی، سێ رۆژی خایەندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، فیلمی گێلگامێش لە کوێیە، یەکەم فیلمی کوردییە کە لەلایەن خانمی وێنەگر، لانە دیار، کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، فیلمەکە دەبێتە یەکەم فیلمی کوردیی داستانی درێژ، کە بە لێنزی ئانامۆرفیک، وێنەی گیراوە.
کارزان کاردۆزی، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا، کاری لەسەر بەرهەمهێنانی کورتە فیلم و دۆکیومێنتاریی کردووە، فیلمی گێلگامێش لە کوێیە، یەکەم کاری درێژی داستانییەتی لە کوردستان.
لە فیلمەکەدا، چەندین کارەکتەری نوێ بە جیهانی سینەما و فیلمی درێژ ئاشنابوون، زۆرینەیان یەکەم جارە لەم ژانرایەدا کار دەکەن، هاوکات، فیلمەکە، دواهەمین کاری ئەکتەری ناسراوی شاری سلێمانی، شادمان مەلا عەزیز سەحاف بووە، کە دوای تەواوبوونی کاری وێنەگرتن، بە چەند مانگێک، کۆچی دواییدەکات.
گشت دیمەنەکانی فیلمی گێلگامێش لە کوێیە، لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری وێنەیان گیراوە، لەم فیلمەدا هیچ سێتێکی ئامادەکراو و تایبەت بوونی نییە.
دیارترین ئەو ئەکتەرانەی لەم فیلمەدا بەشدارن، بریتین لە: بەرزان یونس بە رۆڵی کارەکتەری گلگامێش، راگەش کیژان بە رۆڵی خوداوەند عەشتار، یاسین عومەر بە رۆڵی هومبایا و تەها محەمەد بە رۆڵی خوداوەند ئەنلیل.
بڕیارە، رێکەوتی یەکی شوبات، لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر، لە سینەما سالم و سینەمای رۆیاڵ مۆڵ، نمایشی دەستپێبکات و رۆژانی دواتر بەردەوام بێت، پێشبینیش دەکرێت، نمایشی فیلمەکە، لە داهاتوودا، لە سەرانسەری سینەماکانی کوردستان، ئەنجامبدرێت.
بە گوتەی کارزان، لە هەوڵی سەرەکییدا دەبن، لەگەڵ بەردەوامبوونی رێژەی بینینی فیلمەکە، نمایشکردنی بەردەوامبێت و کۆتا وادەی نمایشی دیارینەکراوە، ئاماژە بەوەش دەدات؛ لە بەرهەمهێنانی فیلمێکی داستانیی بە بودجەیەکی کەم، سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام لە دەرئەنجامدا، "ئەوە بینەرە کە بڕیار لەسەر فیلمەکە دەدات".
فیلمی "گێلگامێش لە کوێیە؟" سەرچاوەی لە داستانی گلگامێشی میزۆپۆتامیایی گرتووە، کە دێرینترین چیرۆکی مرۆڤایەتییە و رێکەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا، کارەکتەر، چیرۆک و پڵۆتی ناو ئەم داستانە، گوازراونەتەوە بۆ ژانرای نوار و تاوان، گشت رووداوەکانی لە ئێستای شاری سلێمانی روودەدەن.
لە سایەی ئاشکراکردنی پلانە سینەماییەکانی داهاتوویدا، کارزان بە کەناڵ8ی گوت، فیلمی "گێلگامێش لە کوێیە؟"، یەکەم فیلمە لە زنجیرەی سێینەی "گێلگامێش"، کە لە سێ فیلم پێکهاتووە، فیلمی یەکەم، زیمی بزرکردن و لەدەستدانی مێژوو، فیلمی دووەم، هەوڵ بۆ گەڕانەوەی ئەم مێژووە دەدات و فیلمی سێیەمیش زیمی لەدەستدانی هەمیشەیی ئەم مێژووەیە.
کارزان کاردۆزی، ساڵی 2006، دەستی بە خوێندنی سینەما کردووە لە ئەمریکا، لەم وڵاتەدا، لە رێژەیەکی بەرچاوی فیلمدا کاری کردووە، زۆرترین کارەکانی لە بواری نووسینی سینەماییدا بووە، بەتایبەتی، زنجیرە کتێبی "سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر"، کە لە چل بەرگ پێکهاتووە و لە ئێستادا پێنج بەرگی لێ بڵاوکراوەتەوە.









23/01/2024