چۆن مردنی هیتلەر پشتڕاستکرایەوە؟

پزیشکی دادوەریی ددان بە ناسینەوەی ددان شوناسی کەسەکان دیاریدەکات
پزیشکی دادوەریی ددان بە ناسینەوەی ددان شوناسی کەسەکان دیاریدەکات

لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هیتلەر و ئێڤا براونی هاوسەری، رایانکردوە؛ بەڵام لەڕاستیدا هەردووکیان لە ساڵی 1945 کوژرابوون. لاشەکانیان سوتێنرابوون و نێژرابوون. دوای دۆزینەوەی پارچەیەک لە شەویلگەی هیتلەر و شیکاریکردن بۆی لەڕێگەی زانستی پزیشکیی دادوەریی ددان، دەنگۆی رزگاربوونی هیتلەر بە هەواڵێکی نادروست هەژمارکرا و پشڕاستکرایەوە کە هیتلەر مردووە.

پزیشکە دادوەریەکانی ددان کێن؟

پزیشکی بەئەزموونی مەشقپێکراون کە شارەزایی خۆیان لە لێکۆڵینەوە یاساییەکان بەکاردەهێنن. ئەوان ددان یان شوێنەواری ددان بەکاردەهێنن بۆ ناسینەوەی تاکەکان یان پێدانی زانیاری لەسەر رووداوە تاوانکارییەکان.

مێژووی زانستی پزیشکیی دادی ددان:

دامەزراندنی پزیشکیی ددان وەک بەشێکی سەربەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ دکتۆر ئۆسکار ئەمیدۆ کە بە باوکی پزیشکیی ددانی دادوەری ناسراوە و لەڕێگەی ئەو زانستەوە خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی کرد. دکتۆر ئۆسکار ئەو زانستەی بەکارهێناوە بۆ ناسینەوەی قوربانییەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی ساڵانەبازاڕی دی-لا-چاریت کە بازاڕێکی خێرخوازی بووە لە شاری پاریسی فەرەنسا و 126 قوربانی لێکەوتەوە.

سوودی پزیشکیی دادوەریی ددان چییە؟

پزیشکیی دادوەریی ددان دەتوانێت لەڕێگەی ددانەوە ناسنامەی کەسەکە دیاریبکات، چونکە ددان رۆڵی هاوشێوەی پەنجەمۆر دەبینێت و دەتوانرێت لە رێگەیەوە ناسنامەی کەسەکە دیاریبکرێت، هەروەها دەتوانرێت لەڕێگەی زانستی پزیشکیی دادوەریی ددان شیکاریبکرێت بۆ شوێنەواری گازگرتن لەسەر قوربانییەکە، هەروەها ناسینەوەی نیشانەی گازگرتن لەسەر ماددەی دیکە وەک چەرم، دار و پێست، هاوکات پزیشکی دادوەریی ددان دەتوانێت وەک شایەتحاڵێکی پسپۆڕ بەڵگەی گازگرتن لە دادگا پێشکەشبکات.

رۆڵی پزیشکیی دادوەریی ددان لە رووداوە سرووشتییەکان چییە؟

لە کارەساتێکی گەورەی وەک رووداوی بومەلەرزەکەی ساڵی 2004ی زەریای هیندی کە لە لایەن کۆمەڵگەی زانستییەوە بە بومەلەرزەی سومانترا ئەندەمان یان تسۆنامی ڤیکترام ناسراوە، توانرا لە تایلەند  ناسنامەی 90%ی بیانییەکان دەستنێشانبکرێن کە 80%یان لەڕێگەی توێکاریی ددانەوە ناسرانەوە.

ناسینەوەی نیشانەی گازگرتن:

زۆر ئاشکرایە کە ئاژەڵ و مرۆڤ توانای گازگرتنیان هەیە، ئەو نیشانانەی ددانی مرۆڤ لە پێستی مرۆڤدا دروستیاندەکات دوای گازگرتن، لە مێژووی کۆن و نوێدا باسکراون. شیکاریی نیشانەی گازگرتن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە سیستمی دادوەریی تاوانکاریدا. پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا وەک لەیزەر، مایکرۆسکۆپی ئەلکترۆنی یان سیتی سکان، پزیشکی دادوەریی ددان لەوانەیە بتوانێت وردەکاریی زیاتر لە نیشانەکانی گازگرتن و لە تاکە ددانی گازگرتنەکەدا دەستنیشان بکات.

بەپێچەوانەی پەنجەمۆر و DNA، نیشانەی ددان ناتوانرێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سودی لێببینرێت چونکە ددانی مرۆڤ لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت، بەڵام DNA مرۆڤ هەمیشە وەک خۆیەتی و ناگۆڕرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت لەڕێگەی شوێنەواری گازگرتن لەسەر پێستی مرۆڤ بەڵگەی بەبەها بسەلمێنرێت وەک چۆن لە ساڵی 1975دا کەیسی بەناوبانگی مارکس بە نیشانەی گازگرتن لە لووت و حاڵەتەکانی دیکەدا بینرا کە سروشتی سێ رەهەندیی نیشانەکان رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ئاشکراکردنی راستیی رووداوەکە.

شیکاریی چاپی لێو

پەنجەمۆر، تۆماری ددان و بەراوردکردنی  DNAباوترین تەکنیکن، کە رێگە بە پرۆسەی ناسینەوەی خێرا و پارێزراو دەدەن، بەڵام ناتوانرێت هەمیشە بەکاربهێنرێن، بۆیە هەندێجار پێویستە تەکنیکێکی کەمتر ناسراو وەک چاپی لێو بەکاربهێنرێت. دەتوانرێت چاپی لێو لە پشتڕاستکردنەوەی بوونی یان نەبوونی کەسەکە لە شوێنی تاوانەکە بەکاربهێنرێت. ئەو چرچ و لۆچییانەی کە لەسەر رووی لێوی دەم دەبینرێن، نەخشێک پێکدەهێنن کە پێی دەوترێتSulci-labriorum .

 لێکۆڵینەوە لە چاپی لێو بە کیلۆسکۆپی ناسراوە، بەکارهێنانی چاپی لێو بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1932 لەلایەن ئێدمۆند لۆکارد لە فەرەنسا پێشنیازکرا. بەزۆری لە شوێنی تاوان چاپی لێو دەدۆزرێتەوە، کە دەتوانێت پەیوەندییەکی راستەوخۆ بە تۆمەتبارەکەوە دابینبکات.