ئەمریکا و بەریتانیا سزایان بەسەر بەرپرسانی حوسییەکاندا سەپاند
واشنتن و لەندەن رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، سزایان بەسەر چوار بەرپرسی گەورەی حوسییەکاندا سەپاندووە.
دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سەپاندنی سزاکان نامەیەکی روونە بۆ حوسییەکان، بۆ ئەوەی دەستهەڵگرن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە جیهانییەکان، لەگەڵ هاوپەیمانان رێکاری زیاتر دژ بە حوسییەکان دەگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو سزایانە توانای حوسییەکان بۆ هێرشکردن سنووردار دەکات، لە داهاتووشدا سزای زیاتریان بەسەردا دەسەپێنن.
لەناو ئەو بەرپرسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، هەر یەکە لە محەمەد ناسر، وەزیری بەرگری یەمەن و محەمەد فەزل، سەرۆکی هێزە دەریاییەکانی یەمەن و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکە هەن.
لەپاش دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ماوەی دوو مانگە حوسییەکان دەستیانکردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەوەش کێشەیەکی جیهانی دروستکردووە، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا هاوپەیمانێتییەکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان پێکهێناوە.
26/01/2024