ساڵى رابردوو گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری وشکەساڵی دارستانی ئەمازۆن بووە
گۆڕانی کەشوهەوا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە لەو وشکەساڵییە وێرانکەرەی لەساڵی 2023 دارستانی ئەمازۆنی گرتەوە، کە یەکێکە لە گرنگترین ئیکۆسیستەمەکانی جیهان و بەهۆکاری سەرەکی سەقامگیری کەشوهەوا دادەنرێت.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، وشکەساڵییە مێژووییەکەی ساڵی 2023 کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس هەبووە کە لە ناوچەکانی نزیک ئەمازۆن نیشتەجێن، ئەو ئاگرانەی لەو ناوچانە کەوتەوە هۆکاری سەرەکی خراپبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی خەڵکی ئەو ناوچانە بووە.
شارەزایان ئاماژەیان بەوەکردووە، دیاردەی ئەل نینۆ هۆکاری بنەڕەتی ئاگرکەوتنەوەکان بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زانایانی کەشوهەواوە ئەنجامدراوە دەریخستووە، گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی پیسبوونی کاربۆن هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکانە.
هاوکات زانایان ترسیان هەیە، گۆڕانی کەشوهەوا و داربڕین پێکەوە ببنەهۆی وشکەساڵی و گەرمبوونی ئەمازۆن بۆ هەمیشە، پێیانوایە ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەى ناوچەکە بەخێرایی لە دارستانە باراناوییەکانەوە بگۆڕێت بۆ دەشتەکانی ساڤانا، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی دارستانەکانی ئەمازۆن کە بە سییەکانی زەوی ناسراون توانای هەڵمژینی کاربۆنیان کەمببێتەوە.
کەمبوونەوەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەناوەڕاستی ساڵی 2023ەوە بارودۆخێکی لەباری بۆ وشکەساڵی لە ئەمازۆن دروستکردووە، ئاستی رووبارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، دروێنە خراپ بووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە، پلەی گەرمی بەرزی ئاوەکان بووە هۆی مردنی نزیکەی 150 دۆلفین لەماوەی هەفتەیەکدا لەیەکێک لە دەریاچەیەکانی بەڕازیل.
هەرچەندە وشکەساڵی دیاردەیەکە لە 50 ساڵ جارێک روودەدات و گەرمبوونی دوو پلەی سەدییە، بەگوێرەی گوتەی زانایان ئەمازۆن بەنزیکەیی هەر 13ساڵ جارێک بەدەست وشکەساڵیەوە دەناڵێنێت.
26/01/2024