گەورەترین کەشتی گەشتیاری لە جیهاندا لە میامیەوە بەڕێدەکەوێت

کەشتى ئایکۆنی دەریاکانی رۆیاڵ کاریبی، فۆتۆ: AFP
کەشتى ئایکۆنی دەریاکانی رۆیاڵ کاریبی، فۆتۆ: AFP

گەورەترین کەشتی گەشتیاریی جیهان، یەکەم گەشتی خۆی لە بەندەری میامییەوە دەستپێکرد.

کەشتییەکە، باشوورى فلۆریدای بەجێهێشتووە و یەکەم گەشتی حەوت رۆژەی بە دوورگە و ناوچە گەرمەکاندا دەستپێکردووە.

جەیسۆن لیبرتی، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی رۆیاڵ کاریبی رایگەیاند: "ئایکۆنی دەریاکان بەرهەمی زیاتر لە 50  ساڵی خەون و داهێنان و ماندووبوونمانە، بۆ نواندنی باشترین ئەزموونەکانی گەشتیاریی لە جیهاندا، بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە."

کەشتى ئایکۆنی دەریاکانی رۆیاڵ کاریبی، قەبارەکەی پێنج هێندەی کەشتی تایتانیکە، بە نزیکەى هەزار رۆژ دروستکراوە و ئەندازیارانی کەشتییەکە، دیزاینی کەشتییەکەیان بەجۆرێک کردووە، بەسەر هەشت بەشدا دابەشکراوە و پێکهاتووە لە 20 نهۆم، 6 ئەکواپارک و 7 مەلەوانگە و یاریگای خلیسکێنەى سەر سەهۆڵ و شانۆ و زیاتر لە 40 چێشتخانە و باڕ و هۆڵی دانیشتن، کە سەرجەمیان لەڕێگەى 2350 کارمەندەوە خزمەتى گەشتیاران دەکەن.

کەشتییەکە دەتوانێت 7600  گەشتیار هەڵبگرێت، ئەمە جگە لە 2350  ئەندامی تیمی بەڕێوەبردن و خزمەتکردنى کەشتییەکە.

ئایکۆنی دەریاکان بە شەش بزوێنەر و دوو جۆر لە سووتەمەنی کاردەکات و دەتوانرێت بە گازی سروشتی شل (LNG) کاریپێبکرێت، کە دۆستی ژینگەیە.

کەشتییەکە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو گەورە کۆمپانیای کەشتیسازیی رۆیاڵ کاریبی ئەمریکی و مێیەر تورکوی فینلەندیی دروستکراوە.