راگەیەندراوى گوتەبێژى حکومەتى عێراق لەبارەى هێرشەکەى سەر هێزەکانى ئەمریکا لە سنوورى ئوردن و سووریا
گوتەبێژى حکومەتى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکەى شەوى رابردووى سەر هێزەکانى ئەمریکا لە سنوورى ئوردن و سووریا بڵاوکردەوە و سەرکۆنەى هێرشەکەى کرد.
باسم عەوادی، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند "حکومەتی عێراق سەرکۆنەی پەرەسەندنی بەردەوام دەکات، بەتایبەتی ئەو هێرشەی ئەمدواییە کە لەسەر سنووری سووریا و ئوردن روویدا، هەروەها بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دەکات".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "لە کاتێکدا عێراق داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دەکات و ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ کارکردن لەسەر داڕشتنی رێسای بنەڕەتی مامەڵەکردن بۆ ئەوەی ناوچەکە بەدووربگرێت لە کاریگەری زیاتر و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان".
دەشڵێت "رەنگدانەوەی ئەم پێشهاتانە هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکات و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان لاواز دەکات، هەروەها بازرگانی و ئابووری و دابینکردنی وزە دەخاتە مەترسییەوە".
29/01/2024