پنتاگۆن: ژمارەى بریندارانى هێرشەکەى بنکەى تەنەف گەیشتە 40 کەس

بنکەى تەنەف لەسەر سنوورەکانى سووریا و ئوردن. فۆتۆ: AP
بنکەى تەنەف لەسەر سنوورەکانى سووریا و ئوردن. فۆتۆ: AP

وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتى عێراق لە پەیوەندیدان بۆ کارکردن دژى ئەو لایەنەى هێرشیان دەکاتەسەر، ژمارەى بریندارانى بنکەى تەنەفیش گەیشتە 40 کەس.

وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئێران لەپشت هێرشەکەى بنکەى تەنەفى سنوورى سووریا و ئوردنە، نامانەوێت لەگەڵ ئێراندا بچینە جەنگەوە و لەو باوەڕەداین ئێرانیش ئەو جەنگەى نەوێت".

دەشڵێت، گومان دەکەن حیزبوڵاى عێراق هێرشەکەى ئەنجامدابێت، لەکاتێکى گونجاودا وەڵامى دەدەنەوە.

پنتاگۆن ژمارەى بریندارانى هێرشەکەى بنکەى سەربازیی تەنەفى ئاشکراکرد و ئاماژەى بەوەکردووە، ژمارەى بریندارانى هێرشەکە گەیشتووەتە 40 کەس.

رۆژى 28ـى ئەم مانگە، بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکە سەربازییەکانى هێزەکانى ئەمریکا لە سنوورى سووریا و ئوردن ، پاشئەوەش جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکەوە سێ سەربازى ئەمریکى کوژراون.