ریزبەندی باشترین و خراپترین وڵاتانی جیهان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بڵاویكردووەتەوە، هەوڵەكانی بەرەنكاربوونەوەی گەندەڵی لە سەرتاسەری جیهاندا شكستیانهێناوە، لەناو 180 وڵاتی جیهانیشدا عێراق لە پلەی 154 لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەبیندرێت و یەكێكە لە خراپترین وڵاتەكان.
رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سەرتاسەری جیهاندا پاشەكشەیان كردووە، بەشێكی ئەوەش بۆ پاشەكشەی یاسا و سەروەریی یاسا دەگەڕێتەوە، لەساڵی 2016ەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، بەهۆی سەركوتكاریی لەچەند وڵاتێكدا تەنانەت لە بەشێك لە وڵاتە دیموكراتەكاندا، ئەو رێكارانە لاوازكراون كە دەبنە هۆی ئەوەی حكومەتەكان لەژێر چاودێری و كۆنترۆڵدابن، 23 دەوڵەتی جیهان پاشەكشەیان كردووە بۆ خراپترین ئاستیان لەماوەی سێ دەیەی رابردوودا.
فرانسوا ڤالێریان، سەرۆكی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، تاوەكو سیستمەكانی دادپەروەری سزا بەسەر سەرپێچییەكاندا نەسەپێنن و حكومەتەكان نەخرێتە ژێر چاودێری، بەردەوام گەندەڵی لە پەرەسەندندا دەبێت، پێویستە سەركردەكان وەبەرهێنان لە سەربەخۆیی ئەو دامەزراوانە بكەن كە پاڵپشتی یاسا دەكەن و بەرپەرچی گەندەڵی دەبنەوە.
رێكخراوەكە گەندەڵی لە كەرتی گشتی لەسەر 13 سەرچاوەی جیاواز پۆلێن كردووە لەوانەش، بانكی نێودەوڵەتی، كۆڕبەندی ئابوریی جیهانی، كۆمپانیاكانی دياريكردنى مەترسییەكان و كۆمپانیا راوێژكارییەكان، پاش ئەوەش 180 دەوڵەت و هەرێمی جیهان ریزبەند دەكات، كە لە (سفر)ەوە دەستپێدەكات بۆ 100، بەشێوەیەك (سفر) گەندەڵترینە و 100 پاكترینە، ئەو دەوڵەتانەی زۆرترین خاڵ كۆدەكەنەوە پاكترینن و ئەوانەشی كەمترین كۆدەكەنەوە گەندەڵترینن.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، "دەوڵەتەكانی وەكو ئایسلەندا، هۆڵەندا، سوید و بەریتانیا گەیشتوونەتە نزمترین ئاستەكان كە دەوڵەتە دیموكراتییەكانن، هەروەها دەوڵەتە سەركوتكارییەكانی وەكو ئێران، رووسیا و ڤەنزوێلا پاشەكشەیان كردووە و گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی گەندەڵی".
بەگوێرەی ریزبەندییەكە، دانیمارك لە پلەی سەرەوەی ریزبەندییەكەیە و 90 خاڵی كۆكردووەتەوە، بەدوایدا فینلەندا بە 87 خاڵ و نیوزلەندا 85 خاڵ دێن، پاش ئەوانیش هەریەكە لە وڵاتەكانی نەرویج، سەنگافورە، سوید، سویسرا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و لۆكسەمبۆرگ دەبینرێن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بە كۆكردنەوەی 69 خاڵ لە پلەی 24ـی ریزبەندییەكەیە.
لەسەر ئاستی خراپترین وڵاتەكانی جیهانیش، جارێكی دیكە سۆماڵ وەكو خراپترین وڵاتی جیهان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاتووە و تەنیا 11 خاڵی كۆكردووەتەوە و لە پلەی 180ەمین وڵاتی جیهانە، پاش ئەویش باشووری سودان و ڤەنزوێلا دەبینرێن كە هەریەكەیان 13 خاڵیان كردووەتەوە، هەروەها یەمەن بە 16 خاڵ دێت و گینیا،هایتی، كۆریای باكوور و نیكاراگوا هەریەكیان 17 خاڵیان هەیە و لە كۆتاییەكانی ریزبەندییەكەدا دێن.
هەرچی عێراقە، 23 خاڵی هەیە و لەسەر ئاستی جیهان پلەی 154 و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی 13ی گرتووە، بۆ خراپترین ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە.
30/01/2024