سیستمى بانکیى عێراق لەبەردەم سزا بەردەوامەکانى ئەمریکا
پێدەچێت سزا بەردەوامەکانى ئەمریکا بۆ سەر بانکەکانى عێراق، حکومەتى عێراقى ناچاربکات بە گۆڕانکاریى ریشەیی لە سیستمى بانکیى وڵاتەکەیدا.
لەتازەترین پێشهاتدا، بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاریدا ژمارەیەک لە بانکەکانى ناوخۆ بێبەشبکات لە بەدەستهێنانى دۆلارى ئەمریکى، بانکەکە لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، "بەهۆی ئەوەی پابەندنەبوون بە مەرجەکانەوە رێگری لە ژمارەیەک بانک و کۆمپانیا دەکەن دەستیانبگات بە دۆلار، داواشى لەو بانکانە کردووە بارودۆخى کارکردنیان راستبکەنەوە".
سزاکانى ئەمریکا بۆسەر بەشێک لەو بانکانە و هەروەها رێگرییەکانى بانکى ناوەندیى وایکردووە، ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دۆخی دارایی عێراق دابنێت، لەگەڵ هەر بڕیارێکی لەوشێوەیە بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار دادەبەزێت و کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان دەبێت.
براین نێڵسن، بریكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی دەڵێت، "سزادانی بانکەکان بۆ ئەوەیە رێگریبکرێت لە خراپ بەکارھێنانی سیستمی دارایی عێراق".
لەبارەی مامەڵەکردن بە دۆلارەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووریی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئەو دۆلارانەی رێگەیانپێدراوە بەشێوەی كاش وەربگیردرێن، لە هەژماری بانكی ناوەندیی عێراق لە بانكی یەدەگی فیدراڵی پەسەنددەكرێن و هیچ كێشەیەكیان نییە، ئەمریكا بەشێوەیەكی كۆنتڕۆڵكراو دۆلار بۆ عێراق دەنێرێت، بەجۆرێك بۆ وڵاتانی دەوروبەر دزە نەكات".
حکومەتى عێراق بە هەماهەنگى وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکا، لەهەوڵى دەربازبوونە لەو تەنگژە داراییەى تێیکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانى بانکى نێودەوڵەتى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، سەرقاڵی داڕشتنەوەى سیستمە بانکییەکەیەتی، ئەم هەنگاوانەش پێویستى بەکات و چەسپاندنى یاسایە بەسەر ئەو لایەن و بانکانەى بە بنەماکانى بانکى ناوەندیى عێراق رەفتار ناکەن.
01/02/2024