پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەستیپێکردەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی شووباتی 2024، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا خشتەیەکی نوێی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی راگەیاند و سەرۆکی ئەرکانیش دڵنیایی دەدات " کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لەکاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەیان بۆ دەردەچێت".
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە " دوای رەزامەندی بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی ساڵەکانی 2020 و 2021 و خشتەی نەورۆزی 2022 ئەفسەرانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی(70،80) و خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەیلوولی 2022 و خشتەی نەورۆزی 2023ی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە".
فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت" ئەمە نۆیەمین خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە کارمان لەپێناو هەرچی زوو گەڕانەوەیان کردوە و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی تەواوی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت".
سەرۆکی ئەرکان دڵنیاییش دەدات "کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لەکاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەیان بۆ دەردەچێت".
01/02/2024