بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە دارستانەکانی چیلی 10 کەس گیانیانلەدەستدا

سوتانی خانوو و سەیارە بەهۆی ئاگرەوە لە چیلی، فۆتۆ: AFP
سوتانی خانوو و سەیارە بەهۆی ئاگرەوە لە چیلی، فۆتۆ: AFP

ئاگرێکى گەورە لە دارستانەکانی ناوچەی ڤالپارایسۆی ناوەڕاست لە وڵاتی چیلی  کەتووەتەوە، سەرۆکى وڵاتیش باری نائاسایی راگەیاند، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا 10 کەس گیانیانلەدەستداوە.

ئاگرەکە بەشێوەیەکی سەرەکی ناوچەکانی فینیا دیل مار و فالبارایسوی گرتووەتەوە، تەنیا لە ناوچەی فالباریسو بووەتە هۆی سوتانی زیاتر لە 480 هێکتار دارستان، هاوکات کاربەدەستان  بڕیاری گواستنەوەی دانیشتوانی ناوچەکەیان بۆ شوێنێکی سەلامەت دەرکرد.

گابرێل بۆریک سەرۆکی چیلى باری نائاسایی لە ناوچەکە راگەیاندو هەموو توانای حکومەتى بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە خستە ئەرکەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز و کەشێکی وشک ناوچەکانی ئەمریکای باشوری گرتووەتەوە.

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، ئەم شەپۆلە گەرما بە‌هێزەی ئێستا چیلی و کۆڵۆمبیایی گرتووەتەوە،لە رۆژانی ئایندە دەگاتە وڵاتانی بەرازیل، ئەرجەنتین، و پاراگوای، هۆشداریشدەدەن لە زیادبوونی کارەساتە سروشتیەکان بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە.