ئەمریکا و بەریتانیا چەند پێگەیەکى حوسییەکانیان بۆردوومانکرد
هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشى پێگەى حوسییەکانیان لە چەند پارێزگایەکى یەمەن بۆردوومان کرد.
میدیاى سەر بە ئەنساروڵڵاى حوسییەکان، بڵاویکردەوە دوژمنکاریى ئەمریکیى و بەریتانیى پارێزگاکانى سەنعا و حەجە و زەمار و بەیزاى گرتووەتەوە.
کەناڵی ئەلمەسیرە سەر بە حوسییەکانى یەمەن، بڵاویکردەوە "هەڵمەتەکانی دەستدرێژیی ئەمریکا و بەریتانیا ناوچەکانی ئەلنەهدەین و عەتانی لە باشووری پایتەخت کردوەتە ئامانج".
شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە کە گوێیان لە تەقینەوەی توندو فڕینی فڕۆکە بووە.
هەروەها بۆردوومانەکەى پێگەى حوسییەکانیان لە نزیک فڕۆکەخانەى سەنعا کردووەتە ئامانج و میدیاى حوسییەکان دەڵێت لە 11 بۆردووماندا چەند ناوچەیەکى پارێزگاى تەعز بە ئامانج گیراون.
دوو بەرپرسى ئەمریکى بە رۆیتەرزیان گووتووە "هێرشەکان چەند پێگەیەکى پەیوەندیدار بە ئێرانیان لە یەمەن کردووەتە ئامانج".
03/02/2024