ژمارەی قوربانییانی ئاگرەکەی چیلی بۆ 51 کەس بەرزبووەتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە ئاگرێکى گەورە لە دارستانەکانی چیلی کەوتووەتەوە، سەرۆکى وڵاتیش باری نائاساییان راگەیاندووە، بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیانلەدەستداوە گەشتووەتە 51 کەس.

ئاگرەکە بەشێوەیەکی سەرەکی ناوچەکانی فینیا دیل مار و فالبارایسوی گرتووەتەوە، تەنیا لە ناوچەی فالباریسو بووەتەهۆی سوتانی زیاتر لە 480 هێکتار دارستان و سێ هەزار خانوو، هاوکات کاربەدەستان بڕیاری گواستنەوەی دانیشتووانی ناوچەکەیان بۆ شوێنێکی سەلامەت دەرکرد.

گابرێل بۆریک، سەرۆکی چیلى باری نائاسایی راگەیاند و هەموو توانای حکومەتى بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە خستە ئەرکەوە، سەرۆکی چیلی دەشڵێت، لە 92 ناوچە ئاگر کەوتووەتەوە، توانراوە ئاگر لە 62 ناوچە کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام لە 30 ناوچە هێشتا بەردەوامە.

ئەمە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز و کەشێکی وشک ناوچەکانی ئەمریکای باشووری گرتووەتەوە.

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، ئەم شەپۆلە گەرما بە‌هێزەی ئێستا چیلی و کۆڵۆمبیای گرتووەتەوە، لە رۆژانی ئایندەدا دەگاتە وڵاتانی بەرازیل، ئەرجەنتین، و پاراگوای، هۆشداریشدەدەن لە زیادبوونی کارەساتە سروشتییەکان بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە.