کاربەدەستانی ئەفغانستان پڵنگێکی دەگمەنیان رزگارکرد
دادوەری ناوچەی فەیزئاباد، رایگەیاند، جۆرە پڵنگێکی دەگمەن کە بە پڵنگی بەفر یان تارمایی چیا ناسراوە، لە مردن رزگارکرا، دوای ئەوەی بە برینداریی دۆزرایەوە.
عەبدولرەحمان کەسرە، دادوەری ناوچەی فەیزئاباد، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، دەستبەجێ پڵنگەکەیان گواستووەتەوە بۆ ڤێتێرنەریی تایبەت بە ئاژەڵان لە ویلایەتی فەیز ئاباد، بەمەبەستی چارەسەرکردن.
رێکخراوەکانى تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵانی کێویی لە ئەفغانستان دەڵین، داوا دەکەن کاربەدەستان بەزوویی تارمایی چیا بگەڕێننەوە بۆ سرووشت، چونکە ئەم جۆرە لە پڵنگ، مەترسیی لەناوچونی لەسەرە لە جیهاندا.
بەشێک لە دانیشتووانى ناوچەکە دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما جوتیارەکان ناچاربوون بچنە بەرزایی شاخەکان كشتوکاڵ بکەن، هەندێکجار بۆ پاراستنی خۆیان یان بە مەبەستی راوکردن ئاژەڵەکان دەکوژن.
داواشدەکەن حکومەت مەرج بۆ جوتیارەکان دابێنت و پاراستنی ئاژەڵی کێویی یەکێک بێت لە مەرجەکان.
05/02/2024