شیکاریی کەناڵ8 بۆ نەخشەی کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتوو
بەگوێرەی شیکاریی بۆ نەخشەکانی کەشوهەوا لە کەناڵ8، شەپۆلی باران و بەفر تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەردەوامیدەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمشەو (5ی شوبات) شەپۆلی بارانبارین لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەردەوامیدەبێت لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
سبەی (6ی شوبات) رەوشی ئاسمانی هەرێمی کوردستان، لەنێوان هەور و نیمچە هەور و بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ خۆرەتاو، بەتایبەت لەسنووری پارێزگای دهۆک، هاوکات لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش، ئەگەری بەفربارین هەیە.
بەگوێرەی شیکارییەکەی کەناڵ8، پێشبینیدەکرێت، شەپۆلێکی دیکەی باران کە سەرچاوەکەی دەریای سوورە، لە دوانیوەڕۆی رۆژی شەممەی داهاتووەوە روو لە ناوچەکە بکاتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە سلێمانی 14.3 و لە هەولێر 8.2 و لە دهۆک 7.5 و لە کەرکوک 1 ملم باران، باریوە.
05/02/2024