زریانێکی بەهێز ویلایەتی کالیفۆڕنیای گرتووەتەوە
دەزگای کەشناسیی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا رایگەیاند، زریانێکی بەهێز ویلایەتەکەی گرتووەتەوە و هۆشدارییش بە هاوڵاتییان دراوە لە مەترسیی لافاو و بای بەهێز.
کەشناسیی کالیفۆڕنیا دەشڵێت، بەهۆی زریانەکەوە زۆرێک لە رێگاکانی کالیفۆرنیا لافاو دایخستوون و خێرایی با لە هەندێک ناوچەدا گەشتووەتە 96 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
کاربەدەستانی ناوچەکە دەڵێن، زیاتر لە 845 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا بێ کارەبا بوون.
رایان کیتێل، زانای کەشناسی لە ئۆفیسی ناوچەی لۆس ئەنجلۆس لە خزمەتگوزاریی کەشوهەوا دەڵێت، بەشی باشووری ویلایەتەکە مەترسیی لافاوێکی بەرچاوی لەسەرە بەهۆی ئەوەی زریانەکە زۆر خاو دەجوڵێت، ئەمەش وادەکات رێژەیەکی زۆر باران ببارێت و مەترسیی لافاو هەبێت و زریانەکە بە ئاراستەی لۆس ئانجلۆس دەڕوات.
هاوکات لیندسی هۆرڤات، سەرپەرشتیاری پارێزگای لۆس ئەنجلۆس، هۆشدارییدا بە دانیشتوانی ناوچەکانی مۆنتەری، سانتا باربارا، ڤێنتورا و لۆس ئەنجلۆس، خۆیان بپارێزن و پابەندی رێنماییەکانبن.
05/02/2024