وشکەساڵی رێژەی بێکاریی لە مەغریب 13% بەرزکردووەتەوە

وشکەساڵی تەنگی بە وڵاتی مەغریب هەڵچنیوە و رێژەی بێکاری بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە. فۆتۆ: گوگڵ
وشکەساڵی تەنگی بە وڵاتی مەغریب هەڵچنیوە و رێژەی بێکاری بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە. فۆتۆ: گوگڵ

وشکەساڵی تەنگی بە وڵاتی مەغریب هەڵچنیوە و رێژەی بێکاری لەساڵی رابردوو لەو وڵاتە بۆ بەرزترین ئاست لەپاش ساڵی 2001ەوە بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی وشکەساڵی و لەدەستدانی هەزاران هەلی کار لە کەرتی کشتوکاڵدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای پلاندانانی مەغریب، کە دەزگای حکومییە و بەرپرسە لە ئامارەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە بۆ 13% بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی 2022 رێژەکە 11.8% بوو.

لە ئامارەکەدا هاتووە، ژمارەی بێکاران لە وڵاتەکەدا لەکۆتایی ساڵی 2023 گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 58 هەزار کەس، هەروەها ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە رێژەکە گەیشتووەتە 19.7%.

مەغریب ساڵانێکە بەدەست کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرچاوی رێژەی بارانبارین دەناڵێنێت، ئەوەش کاریگەریی کردووەتەوەسەر کەرتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا کشتوکاڵ 14% بەشداری بەرهەمی گشتیی ناوخۆ دەکات و 40%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتەی دامەزراندووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتەکە پێشبینییەکانی گەشەکردنی ئابووریی لەمساڵدا لە 3.2% بۆ 2.9% کەمکردەوە، ئەوەش پاش کاریگەرییەکانی ئەو وشکەساڵییە و بەردەوامیی کاریگەرییەکانی ئەو زیانانەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە رابردوودا تووشی ببوو.