بەهۆی زریانەوە لە ئەمریکا سێ کەس گیانیانلەدەستدا

رۆچوونی زەوی لە گردی هۆلیود, ئەمریکا، فۆتۆ: AFP
رۆچوونی زەوی لە گردی هۆلیود, ئەمریکا، فۆتۆ: AFP

كەش و هەواى ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا، بە دۆخێکى ناهەمواردا تێپەڕدەبێت و بەهۆى بەهێزى با و بۆرانەوە، سێ کەس گیانیانلەدەستداوە

دەزگای کەشناسیی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا باران بارینی بەخۆر بەردەوامبووە بەبێ پچران.

کەشناسیی کالیفۆڕنیا دەشڵێت، بەهۆی زریانەکەوە زۆرێک لە رێگاکانی کالیفۆرنیا لافاو دایخستوون و خێرایی با لە هەندێک ناوچەدا گەشتووەتە 96 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لەهەندێک ناوچەش رۆچوونی زەوی روویداوە.

کاربەدەستانی ناوچەکە دەڵێن، زیاتر لە نیو ملیۆن ماڵ  لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا بێ کارەبا بوون.

رایان کیتێل، زانای کەشناسی لە ئۆفیسی ناوچەی لۆس ئەنجلۆس لە خزمەتگوزاریی کەشوهەوا، هۆشداریی دا بەوەی کە  بەشی باشووری ویلایەتەکە مەترسیی لافاوێکی بەرچاوی لەسەرە. بەهۆی ئەوەی زریانەکە زۆر خاو دەجوڵێت، ئەمەش وادەکات رێژەیەکی زۆر باران ببارێت و مەترسیی لافاوێکی زۆر هەیە، هاوکات زریانەکە بە ئاراستەی لۆس ئانجلۆس دەڕوات.

هاوکات لیندسی هۆرڤات، سەرپەرشتیاری پارێزگای لۆس ئەنجلۆس، هۆشدارییدا بە دانیشتوانی چەندین ناوچە و پێی راگەیاندبوون پابەندى رێنماییەکانى حکومەت بن بۆ خۆپارێزى.

بەهۆی روودانی رۆچوونی زەوی لە هەردوو ناوچەی گردی هۆلیود و سانتا مۆنیکا، کاربەدەستان بڕیاریاندا کە ئەو ناوچانە چۆڵبکرێن و دانیشتوانەکەی بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت.