تەمەنی ئانیمەیشنی پینۆکیۆ بوو بە 84 ساڵ

کارەکتەری بەناوبانگی جیهانی سینەما و ئانیمەیشن "Pinocchio"، ئەو کارەکتەرە منداڵە دارینەی، لەگەڵ درۆکردندا، لوتی درێژ دەبێت، تەمەنی یەکەم ئانیمەیشنی بوو بە 84 ساڵ، کە لەلایەن کۆمپانیای دیزنییەوە، رێکەوتی حەوتی شوباتی 1940، بڵاوکراوەتەوە.

پینۆکیۆ، کارەکتەری خەیاڵیی و کەسایەتیی سەرەکیی ناو رۆمانی "Adventures of Pinocchio"، ساڵی 1883، لەسەر دەستی نووسەری ئیتاڵی، کارلۆ کۆلۆدی، دروستکراوە.

چیرۆکی پینۆکیۆ، پەیوەستە بە چیرۆکی گەورەبوونەوە، سیمبولە بۆ کرانەوە بەرووی دونیا و تێگەیشتنە لە دیاردەکانی ناو ژینگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

لە گوندی توسکانی وڵاتی ئیتاڵیا، لەسەر دەستی دارتاش، گیپێتۆ، پینۆکیۆ وەکو بوکەڵەی یاریکردن و جووڵەی شانۆیی، دروستدەکرێت، ئەم بوکەڵەیە، زیندوو دەبێتەوە و دەکەوێتە جووڵە، ئاوات بۆ ئەوە دەخوازێت، رۆژێک لە رۆژان، ببێت بە کوڕێکی راستەقینە و دوای خەون و خەیاڵەکانی بکەوێت.

پینۆکیۆ، خاوەنی تایبەتمەندییەکی نامۆ و جیاوازە، لوتێکی لولەکیی هەیە، هەرکاتێک درۆ بکات، لوتی درێژدەبێت و هەمووان بە درۆکانی دەزانن.

پینۆکیۆ یەکێکە لە دیارترین کارەکتەرەکانی ناو جیهانی رۆمانی منداڵان، ئێستا، وەکو ئایکۆنێکی ئەدەبیی لێی دەڕووانرێت و هەوێنی چەندین بەرهەم و کاری میدیایی و سینەمایی بووە، لە دیارترینیان؛ ئانیمەیشنی پینۆکیۆی ساڵی 1940، کە کۆمپانیای ئەمریکی، دیزنی، کاری بەرهەمهێنانی بۆکردووە و لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی حەوتی شوبات، لە سینەماکاندا نمایشکراوە.