برسێتی و وشکەساڵی هەڕەشە لە کۆماری مدغشقر دەکات
بەهۆى وشکەساڵى و کەمبوونەوەى رێژەى بارانبارینەوە، برسێتى رووى لە وڵاتى مدغشقر کردووە، رێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە مدغشقر رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی سەختیی لە وڵاتەکە دروستکردووە.
لە مانگی تشرینى یەکەمى ساڵی رابردووەوە هیچ بارانێک لە دوورگەکە نەباریوە، ئەمەش ترس و دڵەراوکێی لە نێو دانیشتوانی وڵاتەکە دروستکردووە، بووەتە هۆى سەرهەڵدانى قەیرانى خۆراک و برسیتى لە وڵاتەکە.
رینا غیلانی رێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە مدغشقر رایگەیاند، کەمى بارانبارین و وشکەساڵى هۆکارى سەرەکى قەیرانەکانى مدغشقرە، کەمبوونەوەى رێژەى بارانبارینیش لەو وڵاتە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوایە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار هاوڵاتی لە مدغشقر لە ژێر هەرەشەی برسێتیدان و لە ساڵانی رابردووەوە وشکەساڵی توند رووی لەم ووڵاتەکردووە، ئەمەلەکاتێکدایە، شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن کە ساڵی 2024 ساڵێکی زۆر سەخت بێت بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە.
وڵاتی مدغشقر لە رووی جوگرافییەوە لە دورگەیەک پێکدێت، کەوتووەتە نێو زەریایی هیندی بە چوارەم گەورەترین دورگەی جیهان دادەنرێـت، رووبەری وڵاتەکە 587.041 کیلۆمەتردووجایە، سەر بە کیشوەر ئەفریقایە.
بەگوێرەی سەرژمێری بانکی نێودەوڵەتی ژمارەی دانیشتوای بریتییە لە 28.92 ملیۆن کەس، بەپارەی مالاگاسی ئاریاری مامەڵە داراییەکانیان دەکەن. شاری ئانتانانریڤیۆ پایتەختی وڵاتەکەیە.
07/02/2024