بڕیاری دوو هێندەکردنی سزاکانی هاتوچۆ هەڵوەشایەوە

کارمەندێکی هاتوچۆ فۆتۆ: حەمەسوور
کارمەندێکی هاتوچۆ فۆتۆ: حەمەسوور

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی پێشووی خۆی سەبارەت بە دووهێندەکردنی سزاکانی هاتوچۆ هەڵوەشاندەوە و بڕیارەکە جێبەجێناکرێت.

ساڵی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی دەرکرد کە هەر شۆفێرێک تاوەکو 28ی شوباتی ئەمساڵ سزاکانی هاتوچۆ بدات، ئەوا 20٪ لێخۆشبوونی بۆ دەردەکرێت، هەر بەگوێرەی بڕیارەکە هەر شۆفێرێک لەدوای ئەو وادەیە سزابدرایە و لەماوەی مانگێکدا سزاکەی نەدایە، ئەوا دەبوو بە دووهێندە.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بەکەناڵ8ی راگەیاند، لە 28ی مانگ بڕیاری لێخۆشبوونەکە کۆتایی دێت، بەڵام بڕیاری دووهێندەکردنی سزاکە هەڵوەشاوەتەوە و جێبەجێناکرێت، ئەوەش بەهۆی بارودۆخی ئابووریی و گوزەرانی هاونیشتمانیان.

جەختیشیکردەوە، لە وەزارەتی ناوخۆوە ئاگادارکراونەتەوە کە بڕیاری دووهێندەکردنی سزای هاتوچۆ لەدوای 28ی ئەم مانگەوە جێبەجێنەکەن و بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە.

رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بۆ ماوەی شەش مانگ 20% داشکاندن بۆ قەرزی هاتووچۆی سەر شۆفێران بکرێت.

لە فەرمانەکەی وەزارەتی ناوخۆداهاتووە "بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی قەرزەکانی سزای هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ درا؛ لە رێککەوتی 28-8-2023ـەوە تاوەکو 28-2-2024 بەردەوامدەبێت".

وەزارەتی ناوخۆ لە فەرمانەکەیدا دەڵێت: "لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە، هەر کەسێک پێبژاردن نەداتەوە لەماوەی 30 رۆژدا، بەگوێرەی بەشی 20 لە یاسای هاتووچۆ ژمارە 86ـی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".