جەیمس دین؛ یاخییەکی لاو و ئەستێرەیەکی جوانەمەرگی هۆڵیوود

حەسەن فەلاح 1 کاتژمێر پێش ئێستا

جەیمس دین، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتیی و ئەکتەرەکانی قۆناغی کلاسیکی هۆڵیوود، دین، ئایکۆنێکی کولتوورییە بۆ تێکدانی ئومێد و دابڕان لە کۆمەڵ، لەڕێگەی فیلمەکانیەوە، کاریگەریی لەسەر گەنجانی سەردەمی خۆی دروستکردووە، ڕێکەوتی هەشتی شوباتی 1931، لەدایکبووە.


 جەیمس بایرۆن دین، ناسراو بە جەیمس دین، لە خێزانێکی چینی کرێکار و ماندووی ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا لەدایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، دایکی لەدەستداوە، لەلایەن مام و ئامۆژنییەوە، لە کیڵگەیەکی کشتوکاڵی، پەروەردە بووە.


هەر لە منداڵییەوە، دین، خولیای ڕۆڵگێڕانی بۆ دروستبووە، لەڕێگەی چەند ڕۆڵێکی سەرەتاییەوە، ڕێی خۆی بەرەو هۆڵیوود کردووەتەوە و لەوێ بە چەند هەوڵێکی سەرەتایی و بچووک، لە سینەمای کلاسیکدا خۆی بینیوەتەوە.


جەیمس دین، لەماوەی تەمەنی پیشەگەریی خۆیدا، تەنیا لە سێ فیلمی سەرەکییدا ڕۆڵیگێڕاوە، ئەوانیش: Rebel Without a Cause، East of Eden و Giant.


لە فیلمەکەی بەناوی یاخییەک بەبێ هۆکار، ڕۆڵی هەرزەکارێکی سەرەڕۆ دەبینێت، لەم فیلمەدا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەرزەکارانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووی ئەمریکا دروستکردووە و ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردووە، بەم جۆرە، بووە بە یەکێک لە ئایکۆنە سینەماییەکان و بەبەهاکانی تێکدانی ئومێد و دابڕانی کۆمەڵایەتیی، دەستنیشان کراوە.


جەیمس دین، نەیتوانی خەونە نائاساییەکانی خۆی لە چوارچێوەی سینەمادا برەو پێبدات، ساڵی 1955، لە هەمان ساڵی بەناوبانگبوونیدا، بەهۆی تیژرەوییەوە، ئۆتۆمبێلەکەی تێکشکاوە و لە تەمەنی 24 ساڵیدا، کۆچی دوایی کردووە.


وێڕای جوانیی و شیکپۆشییەکەی، هەمووان وەکو گەنجێکی یاخی و ئەستێرەیەکەی لەدەستچوو لێی دەڕووانن و هاوشێوەی هونەرمەندە جوانەمەرگەکانی دیکەی هۆڵیوود، لە یادی هەموواندا دەمێنێتەو.

حەسەن فەلاح

1 کاتژمێر پێش ئێستا