کۆمەڵى دادگەریی: نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابکەوێت
ئەنجوومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵى دادگەریی رایگەیاند، نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابکەوێت و داواشدەکەن دادگاى باڵاى فیدراڵی دۆسییەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەزوویی یەکلایی بکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ى شوباتى 2024، ئەنجوومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵى دادگەریی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، پێویستە هەرێمى کوردستان لە بۆشایی دەستووریی و یاساییدا نەمێنێتەوە و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەزوویی ئەنجامبدرێت.
کۆمەڵى دادگەریی دەشڵێت، بەهۆى ناتەبایی ناوخۆوە هەر رۆژە و وڵاتێک هێرشدەکاتە سەر عێراق و هەرێمى کوردستان.
کۆمەڵى دادگەریی لە راگەیەندراوەکەدا باسی لە بایکۆت و خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازیی کردووە و دەڵێت، پشتیوانیى داوا رەواکانى مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەن و پێویستە لەکاتى خۆیدا مووچەیان پێبدرێت و پلەبەرزکردنەوەش جێبەجێ بکرێت.
08/02/2024