سەرۆکانی چین و رووسیا: واشنتن هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەکین و مۆسکۆ دەدات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤیلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی واشنتن هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پرسە ناوخۆییەکانی مۆسکۆ و پەکین دەدات.
یوری ئوتشاکۆڤ، راوێژکاريی ديپلۆماسی کرێملین رایگەیاند: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەریەک لە سەرۆکانی رووسیا و چین سیاسەتی ئەمریکایان بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان رەتکردووەتەوە و هاوڕابوون لەسەرئەوەی واشنتن هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پرسە ناوخۆییەکانی پەکین و مۆسکۆ دەدات.
راوێژکارەکەی کرێملین ئاشکراشیکرد، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە ئامانجی سیاسەتی دەرەوەیان کارکردنە لەسەر بونیادنانی سیستمێکی جیهانیی فرە جەمسەر.
گوتیشی "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پوتین و جین بینگ باسی جەنگی ئۆکرانیا و چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە و بڕیاریانداوە لەبارەی ئەو پرسانەوە هاوکار و هەماهەنگ بن".
راوێژکارەکەی کرێملین ئاشکراشیکرد، هەردوو سەرۆک پلانیان نییە بەمزوانە کۆببنەوە.
لای خۆشیانەوە میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە کە شی جین بینگ، پوتنی ئاگادارکردۆتەوە کە دەبێت هەردوولا بەوردیی کاربکەن بە بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجییەکان و بەرگریکردن لە سەروەریی و ئاسایش و بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکترى.
08/02/2024