مه‌سرور بارزانی: هیچكات داوای كشانەوەی سوپای ئەمریكامان نەكردووە

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: ماڵپەڕی حكومەت
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: ماڵپەڕی حكومەت

سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوت و نەدانی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان بارگرانیی دروستكردووە و خەڵكی تووشی كێشە بوون، كۆمپانیا بیانییەكانیش كە ژمارەیەكیان ئەمریكیین و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان كردووە، تووشی كێشە بوون، بەڵام  ئومێد هەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن.

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی رایگەیاند، هەرێمى کوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاترە لە رووی سەربازیی و ئابووریی و سیاسییەوە، چونكە ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوویان بوونەتەوە جیاوازن و پێشبینی هاوكاریی زیاتر دەكەن لە ئەمریكاوە.

مەسرور بارزانی، گوتیشی، "هەرێمى کوردستان پێویستی بە پشتیوانیی ئەمریكایە، مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان پێویستە، هیچكات داوای كشانەوەی سوپای ئەمریكامان نەكردووە".

سەرۆكوەزیرانى هەرێمى کوردستان راشیگەیاند، هەرێمی كوردستان هیچكات نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی و هەمووكات هۆکارى سەقامگیریی بووە لە ناوچەكە.

مەسرور بارزانى، بۆ میدیا ئەمریکییەکە گوتیشى، پێویستمان بە هاوکاریی سەربازیی زیاترە بۆ ئەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگە بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگریی لە خۆمان بكەین، بەڵكو بەرگریی لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن.