بایدن و راوێژکارى ئەڵمانیا لەسەر پرسى ئۆکرانیا و غەززە کۆبوونەوە

کۆبوونەوەى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا و ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکارى ئەڵمانیا. فۆتۆ: AP
کۆبوونەوەى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا و ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکارى ئەڵمانیا. فۆتۆ: AP

سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و راوێژکارى ئەڵمانیا کۆبوونەوە و تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکە، هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا و شەڕى نێوان بزووتنەوەى حەماس و ئیسرائل بوو لە کەرتى غەززە.

ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکارى ئەڵمانیا بەسەردانێکی فەڕمی گەیشتە واشنتن  و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ تاوتێکردنی پرسی هاوکارییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا و بارودۆخى کەرتى غەززە کۆبووەوە.

بلیدن لەبارەى کۆبوونەوەکە گوتى، "پرسی ئاڵوگۆڕى دیلەکانى ئۆکرانیامان باسکرد، هەروەها باسمان لە زیادکردنى هاوکارییەکان بۆ کەرتى غەززە و ئازادکردنى بارمتەکان کرد".

گوتیشى، بەپێویستیان زانى هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامبێت تاوەکو بەرەنگارى رووسیا ببێتەوە.

هاوکات ئۆلاڤ شۆڵتز ئاماژەى بەوەکرد، بەهیوان ئەمریکا بەردەوامبێت لە هاوکاریکردنى ئۆکرانیا، گفتوگۆیان کردووە بۆ چارەسەرى کێشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە دروسبوونى دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین

پێشتر راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دابوو بە کۆنگرێسی ئەمریکا، لەبارەی دواکەوتنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا و رایگەیاندبوو، لەکاتی دواکەوتنی هاوکارییەکان بارودۆخی جەنگەکە دەگۆڕێت و مەترسی زیاتر بۆ سەر ئۆکرانیا دروست دەبێت، هۆشداریشیدابوو لەوەی پێشکەشنەکردنی هاوکارییەکان سوود بە رووسیا دەگەیەنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژى 1ـی ئەم مانگە یەکێتی ئەوروپا بڕی 50 ملیار یۆرۆیان وەکو هاوکاری پێشکەش بە ئۆکرانیا کرد، بە جۆرێک 33 ملیاری بەشێوەی قەرز و 17 ملیاریشی بێبەرامبەر پێشکەش بە حکومەتی کێیڤ کرد بۆ ماوەی 4 ساڵی داهاتوو.