ئەفغانستان.. کەرتی تەندروستی شکستی هێناوە و بەدخۆراکی گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی
ئەسۆشیەیتدپرێس- ئیسلاماباد
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت کە کەرتی تەندروستیی ئەفغانستان تووشی لێدانی بەهێز بووە، بەهۆی پچڕانی هاریکارییە بیانییەکان و پێشێلکارییەکانی تاڵیبان بەرامبەر کچان و ژنانی ئەفغانستان، لە بەرئەنجامدا ملیۆنان ئەفغانی لە مافە تەندروستییەکانیان بێبەشبوون.
لە راپۆرتێکی نوێدا، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دووشەممە 12ی شوبات دەڵێت "خەڵکی ئەفغانستان لە مەترسیی بەدخۆراکیی توند و نەخۆشیدان".
تاڵیبان لە ئابی 2021 دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت و پاشان ملیۆنان کەسی ئەو وڵاتە رووبەڕووی هەژاری و برسیەتی بوونەوە، ئەوەش بەهۆی پچڕانی کتوپڕی هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان.
گەمارۆکانی سەر تاڵیبان، راوەستاندنی جووڵەی بانکی و بلۆککردنی ملیاران دراوی نەختینەی ئەفغانی، وایانکرد پرۆسەی گێڕانەوەی سامانی دەرەوەی وڵاتەکە بۆ ناو ئەفغانستان و هاریکارییە بیانییەکان رابوەستن.
ساڵی رابردووش بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداریدا کە بەدخۆراکی لە ئەفغانستان ئاستێکی پێوانەیی تێپەڕاندووە و وایلێهاتووە نیوەی خەڵکەکەی بە درێژایی ساڵ برسین!
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "کچان و ژنانی ئەفغانی بەڕێژەیەکی زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی قەیرانی تەندروستییەوە، بە تایبەت بەهۆی پێشێلکارییەکانی تاڵیبانەوە".
نەمانی هاریکاریی وڵاتان و پێشێلکارییەکانی تاڵیبان
لە راپۆرتە نوێیەکەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە "نەمانی هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەک و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن تاڵیبانەوە لەلایەکی دی، بوونەتە هۆی قەیرانێکی کارەساتئامێزی تەندروستی، بە تایبەت بۆ کچان و ژنانی ئەفغانی".
فریشتە عەباسی، توێژەری کاروباری ئەفغانستان لە رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لە راپۆرتەکەدا وتوویەتی "تێچووی چارەسەر و دەرمان وایکردووە زۆرێک لە ئەفغانییەکان دەستیان بە خزمەتە تەندروستییەکان نەگات".
تاڵیبان بە سەپاندنی چەند رێوشوێنێک، خزمەتە تەندروستییەکانی بۆ کچان و ژنانی ئەفغانی ئەوەندەی تر سنووردارکردووە.
پزیشکێکی ئەفغانی کە ناوی ئاشکرانەکراوە، لە راپۆرتەکەدا وتوویەتی تاڵیبان ئاگاداریان کردووەتەوە" هیچ نەخۆشێکی مێینە چارەسەرنەکات ئەگەر بەتەواوی حیجابی نەکردبێت و کەسێکی مەحرەمی لەگەڵ نەبێت!".
12/02/2024