وەزارەتی دادی عێراق بەدواچوون بۆ موڵک و ماڵی کەمینە ئایینییەکان دەکات

خالید شوانی، وەزیری دادی حکومەتی عێراق، لیژنەیەکی هاوبەشی پێکهێناوە بۆ بەدواچوونی ئەو موڵک و ماڵانەی کە خاوەندارێتیان دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان سێ ئایینی دیاریکراو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دادی عێراق، خالید شوانی رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی داد و بە بەشداری نوێنەرانی دیوانی وەقفی ئایینەکانی مەسیحی،سابیئەی مەندائی و ئێزدی، لەپێناو بەدواچوون بۆ سکاڵای هاوڵاتیانی ئەو سێ ئایینە لەسەر داگیرکردنی موڵک و ماڵیان.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری دادی عێراق هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی ئەوقاف و ئایینەکانی مەسیحی، ئێزدی و سابیئەی مەندائی بە پێویست زانیووە، بۆ دانانی رێوشوێنی پێویست لە پێناو پاراستنی موڵک و ماڵی ئەو هاوڵاتیانە و پاراستنیان لە هەر گۆڕانکاری و ساختەکارییەک.

وەزیری دادی عێراق، داواشی لە دادنووسەکان کردووە، لە کاتی رێکخستنی بریکارنامە  بۆ کەسانی کەمینە ئایینییەکان، بە وردی بەدواچوون و وردبینی پێویست بکەن لە بەڵگەنامە پێشکەشکراوەکان و دڵنییاببنەوە لە راست و دروستیی دەرچوونیان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانووبەرەوە.